رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لەو ناوچە "ئەمنییانەی" لە لوبنان، سووریا و غەززە دروستیان کردوون، "تاوەکو کاتێکی نادیار" دەمێننەوە.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە زاری وەزیری بەرگرییەوە بڵاوی کردەوە: "سوپای ئیسرائیل لە ناوچە ئەمنییەکان لە لوبنان، سووریا و غەززە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی دانیشتووان و کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل لە تیرۆریستە جیهادییەکان بپارێزێت."
کاتز کە لە رێوڕەسمێکدا بۆ رێزلێنان لەو سەربازانەی لە جەنگی ساڵی 2006 دا کوژرابوون قسەی دەکرد، جەختی کردەوە کە "ئێمە لە ناوچە ئەمنییەکان پاشەکشە ناکەین."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکەشی بۆ ئێران دووپات کردەوە و گوتی، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی لوبنانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا بە "هەموو هێزێکەوە" وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە رۆژی هەینیی رابردوو، ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتنێکیان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا واژۆ کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و چەککردنی حیزبوڵڵا، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل پاشەکشەی سوپایان لە باشووری لوبنان رەتکردووەتەوە و دەڵێن، تەنیا کاتێک پاشەکشە دەکەن کە حیزبوڵڵا لە هەموو لوبنان دا چەک بکرێت.
حیزبوڵڵا لە مانگی ئاداری رابردووەوە لوبنانی کێشایە نێو جەنگی ئێران، ئەوەش دوای هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل وەک تۆڵەی کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەو کاتەوە نزیکەی 4,300 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل دا کوژراون؛ لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل کوژرانی 38 سەرباز و بەڵێندەرێکی مەدەنی لە لوبنان راگەیاندووە.
سەبارەت بە سووریا، ئیسرائیل لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و دەڵێت، ئامانجیان دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک (ئەمنی)ـیە لە باشووری سووریا. لە کەرتی غەززەش، ئێستا سوپای ئیسرائیل نزیکەی 70%ـی خاکەکەی کۆنترۆڵ کردووە و حەماس و ئیسرائیلیش یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


