رووداو دیجیتاڵ نێردراوانی حیزبوڵڵا و حەماس بەشدارییان لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، دواتر لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە. تاران بۆ ماوەی چەندین ساڵە پشتیوانیی دارایی و سەربازی پێشکێش بە حەماسی فەڵەستینی، حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن دەکات، کە سەرجەمیان لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە وەک "گرووپی تیرۆریستی پۆلێن" کراون، ئەمەش ئێرانی کردووەتە ئامانجی سزاکانی جیهان. ئێران ناوی ئەم هاوپەیمانییە دژە ئیسرائیلییەی بە (میحوەری بەرگری) وەسفکردووە، کە گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش دەگرێتەوە. شاندی حیزبوڵڵا بۆ تاران بە سەرۆکایەتیی محەممەد فەنیش، یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەو گرووپە بوو. حەماس رایگەیاند، شاندەکەیان بە سەرۆکایەتیی محەممەد دەروێش، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بووە و ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسی وەک باسم نەعیمی تێدابووە. لە تەممووزی 2024ـدا، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە هۆتێلەکەی لە تاران لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلیدا کوژرا، دوای ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێراندا کردبوو. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە رێوڕەسمەکەی رۆژی شەممەدا لە تاران، هەریەک لە زیاد نەخالە، سەرکردەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین و زەیفولڵا شامی، ئەندامی باڵای حوسییەکان ئامادە بوون. زۆرینەی بەرپرس و شاندە بیانییەکان رۆژی هەینی ئامادەی پرسەی خامنەیی بوون، کە لە ساڵی 1989ـەوە فەرمانڕەوایی ئێرانی دەکرد و لە تەمەنی 86 ساڵیدا لەگەڵ چەند ئەندامێکی خێزانەکەی و بەرپرسە باڵاکان لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا لە 28ـی شوبات کوژرا، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-07-2026وردەکاری لەسەر رووداوەکەی میناب ئاشکرا دەبن؛ '123 کوژراو لە 13 ساڵ بچووکتربوون'
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست01-07-2026وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: تاوەکو کاتێکی نادیار لە لوبنان، سووریا و غەززە دەمێنینەوە