رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، بزووتنەوەی حەماس
هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکومەتەی راگەیاند کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە فەرمانڕەوایی کەرتی
غەززەی کرد، ئەمەش رێگە خۆش دەکات تاوەکو لیژنەیەکی تەکنۆکرات دەسەڵاتی سڤیل و
بەڕێوەبردنی کەرتەکە بگرێتە دەست.
ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی نووسینگەی راگەیاندنی
حکومەتی حەماس، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "محەممەد فەڕا، سەرۆکی
لیژنەی فریاگوزاریی حکومەت بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کردووە. هەروەها
بڕیاریداوە لیژنەکە هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ گواستنەوەی
دەسەڵاتی کارگێڕی و حکومی بۆ 'لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە'."
ئەم لیژنە نوێیە، لەلایەن ئەو
"دەستەی ئاشتی"ـیەوە پێکهێندراوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دروستیکرد، ئەوەش کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـدا نێوەندگیریی رێککەوتنی
ئاگربەستی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کرد.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە بزووتنەوەی حەماس، لە ساڵی 2007ـەوە و دوای
دەرکردنی بزووتنەوەی فەتح، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەرتی غەززەی لەدەستە.
لەو کاتەوەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ئاگربەست لە نێوان حەماس و
ئیسرائیل لە غەززە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بزووتنەوەکە چەندین جار ئامادەیی
خۆی نیشانداوە بۆ وازهێنان لە بەڕێوەبردنی شارەکە، بەڵام کێشەی چەکداماڵینی
بزووتنەوەکە وەک گرێکوێرەیەکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە.
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی حەماس لە غەززە ئاماژەی بەوە کردووە، کە
درەنگانی رۆژی دووشەممە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی "گرنگ" لەو بارەیەوە
ئەنجام دەدەن. بەرپرسێکی دیکەی بزووتنەوەکە رایگەیاند کە ئەوان پێشتر لە
کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی قاهیرەدا، لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەیان لەم بڕیارە ئاگادار
کردووەتەوە و لایەنەکانیش وەک هەنگاوێکی جددی بۆ دەستبەکاربوونی لیژنەی نیشتمانی
پێشوازییان لێکردووە.
هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە کارگێڕییەکەی حەماس، رێگە بۆ "لیژنەی
نیشتمانی بۆ کارگێڕیی غەززە" بە سەرۆکایەتیی عەلی شەعس، بەرپرسی فەلەستینی
خۆش دەکات تاوەکو کاروباری ئیداری وەربگرێت. ئەم لیژنەیە لەلایەن "بۆردی
ئاشتی"یەوە دامەزرێندراوە؛ کە ئەویش دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە و دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی نێوەندگیریی ئاگربەستی تشرینی یەکەمی رابردوودا
پێکیهێنابوو.
تاوەکو ئێستا بنکەی سەرەکیی ئەم لیژنەیە لە دەرەوەی غەززەیە، ئەوەش بەهۆی
ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیل بۆ چوونە ناوەوەیان بۆ نێو کەرتەکە.
قۆناخی دووەمی ئاگربەست و بەربەستەکان
حەماس و لایەنە فەلەستینییەکان چەندین گەڕی گفتوگۆیان لە قاهیرە لەگەڵ
نێوەندگیرەکان کردووە بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە قۆناخی
دووەمی ئاگربەست. قۆناخی یەکەم بریتی بوو لە ئازادکردنی دوایین بارمتە
ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستبەسەرکراوە فەلەستینییەکان.
بڕیاربوو لە قۆناخی دووەمدا حەماس چەک دابنێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە قۆناخ
لە غەززە بکشێنەوە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە چەند مانگێکە پەکیکەوتووە. لە کاتێکدا
هێزەکانی ئیسرائیل لە مانگەکانی دواییدا پێگەی خۆیان لە ناو غەززە فراوانتر کردووە
و کۆنتڕۆڵی نزیکەی 70٪ی خاکی کەرتەکەیان کردووە، حەماس مەرجی ئەوە دەخاتە روو کە
دەبێت سەرەتا ئیدارەیەکی فەلەستینی دابمەزرێت پێش ئەوەی باس لە رادەستکردنی
چەکەکانیان بکەن.
ئێستا پرسی حوکمڕانیی غەززە لە دوای جەنگ، وەک گەورەترین کۆسپ لەبەردەم
جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە ماوەتەوە. ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک
گەڕانەوەی حەماس بۆ دەسەڵات رەتدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا لەم قۆناخەدا رەزامەند
نییە دەسەڵاتی فەلەستینی (حکومەتی رەمەڵڵا) راستەوخۆ دەسەڵات لە غەززە بگرێتە
دەست.


