رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بوشێهر دەڵێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو ناوچە لە سنووری پارێزگای بوشێهری باشووری ئێران لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە بۆردوومانکران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026 ئیحسان جیهانیان، جێگری پارێزگاری بوشێهر بۆ کاروباری سیاسی، بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەیەک لە شاری دەشتی، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردوومانکرا.
جەهانیان هەروەها گوتی، ناوچەیەکی دیکە لە دەوروبەری شاری چەغادەک سەر بە بوشێهر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردوومانکرا.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، چوارشەممە، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ناوچەی خورموج لە بوشێهر، درۆنێکی MQ9 ئەمریکی لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە خراوەتە خوارەوە و تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێک لەبارەی زیانی گیانی ئەم هێرشانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
شەوی رابردوو ئەمریکا هەروەها هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە ئێران. سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆسەر سێ کەشتیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز، زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئیران پێکاوە.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکی و درۆنیدا 85 بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایان لە نێو کوێت و بەحرێن کردوەتە ئامانج.



.jpg&w=3840&q=75)