رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخی لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی کردەوە و رایگەیاند: "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی و سزادانی بکەران و بڕیاردەرانی، وەکو داواکارییەکی بێ ئەملا و ئەولا، رەوا و لەبیرنەکراو دەمێنێتەوە."
ئەمڕۆ هەینی، 10ی تەمموزی 2026، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بەبۆنەی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی گەلی ئێران و عێراقی کرد کە "بە شێوەیەکی بەرفراوان" بەشدارییان لە رێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی کردووە.
ئەحمەد وەحیدی، جەختی لەسەر تۆڵەکردنەوە و خوێنبایی عەلی خامنەیی کردووەتەوە و دەڵێت: "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری شەهید و سزادانی ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی، داواکارییەکی بێ ئەملا و ئەولا، رەوا و لەبیرنەکراو دەمێنێتەوە."
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هەروەها گوتی: "ئەم داواکارییە، تاوەکو هێنانەدیی تەواوی دادپەروەری و وڵامی شیاو بە تاوانباران، لە بیرەوەریی مێژوویی ئومەتی ئیسلامی و بەرەی بەرگری ناسڕێتەوە."
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئێران، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ "ماڵئاوایی، بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی" تەرمی عەلی خامنەیی دانابوو.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 3ی تەمموزی 2026، تەرمی عەلی خامنەیی بۆ مزگەوتی گەورەی تاران (موسەڵلای تاران) گوێزرایەوە و شاندە بیانییەکان بەشداریان لە رێوڕەسمەکەدا کرد. دواتر لە رۆژانی شەممە تاوەکو دووشەممە، لە تاران، رۆژی سێشەممە لە قوم و رۆژی چوارشەممەش لە نەجەف و کەربەلا لە عێراق، رێوڕەسمەکانی تایبەت بە ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بەڕێوەچوون.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەمموز، تەرمی رێبەری پێشووی ئێران بە فڕۆکە لە نەجەفەوە گەیشتە شاری مەشهەد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە رێوڕەسمێکدا لە مەزارگەی ئیمام رەزا بەخاک سپێردرا.



