رووداو دیجیتاڵ
هەردوو لایەن دوای هێرشکردنە سەر یەکدی، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی، هەڕەشەکانیان چڕتر کردووەتەوە.
ترەمپ بە فەرمی رایگەیاندووە، ئاگربەستەکەیان کۆتایی پێ هاتووە، لە کاتێکدا نێوەندگیران هەوڵەکانیان بەردەوامە و میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، شاندێکی قەتەری رۆژی هەینی گەیشتوونەتە تاران.
لیستی کوشتنی ئێران و هەڕەشەی 1000 مووشەکەکەی ترەمپ
موجتەبا خامنەیی لە یەکەم پەیامی نووسراوی خۆیدا لە دوای بەڕێکردنی تەرمی باوکی، رایگەیاند: "تۆڵەسەندنەوە خواستی نەتەوەکەمانە و دەبێت جێبەجێ بکرێت." خامنەیی دوای کوژرانی باوکی لە کۆتایی مانگی شوباتدا بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بووە رێبەری نوێی ئێران.
خامنەیی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەم بابەتە نە بە بوونی کەسیی منەوە بەندە و نە بە بەرپرسانی دیکەوە. جا ئێمە ئامادە بین یان نا، هەر روودەدات." خامنەیی گوتی، ئێران لیستێکی لەو کەسانە ئامادە کردووە کە بە فەرمی دەکرێنە ئامانج.
چەند کاژێرێک پێش ئەم پەیامە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی ترووس سۆشیاڵەوە هۆشداریدابوو، هەر هەوڵێک بۆ کوشتنی، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا ئێران بە تەواوی وێران بکات.
ترەمپ نووسیبووی: "1000 مووشەک ئامادەکراون و ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون، بە هەزارانی دیکەش دەستبەجێ بەدوایاندا دێن، ئەگەر حکومەتی ئێران هەڕەشەکانی بۆ تیرۆرکردن یان هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێ بکات، کە لەم دۆخەدا مەبەستم خۆمە." ترەمپ تونودتر بووەوە و نووسی: "فەرمانەکان پێشوەختە دراون، سوپای ئەمریکا ئامادە و بەتوانایە بۆ ماوەی یەک ساڵ، کە شایانی درێژکردنەوەیە، سەرجەم ناوچەکانی ئێران بە تەواوی وێران بکات و تێکبشکێنێت."
دوا مۆڵەتی تەنگەی هورمز و قوربانییەکانی بۆردوومانەکە
تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی ستراتیژییە و یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، کێشەی سەرەکەی دانوستاندنەکانە.
ئێران کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ و سەپاندنی باجی کردووەتە مەرج، کە ئەمریکا رەتیدەکاتەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەکە گەیشتە عومان.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، واشنتن تاوەکو رۆژی شەممە مۆڵەتی داوەتە تاران بۆ راگرتنی تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان و دانی پێدابنێت کە رێڕۆکە کراوەیە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، هێرشەکانی ئەم هەفتەیەی ئەمریکا بۆ سەر 90 ئامانج کە لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی سێ کەشتی لە لایەن ئێرانەوە بوو بووەتە هۆی کوژرانی 17 کەس و برینداربوونی 115 کەسی دیکە.
لە بەرامبەردا، قەتەر و پاکستان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە؛ ئەمیری قەتەر رۆژی هەینی بە تەلەفۆن لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان قسەی کردووە.
شەریف رایگەیاندووە، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش قسەی کردووە و داوای لێکردووە پارێزگاری لە "ئاشتییە بەدەستهاتووە قورسەکە" بکات، بەڵام محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران گوتی: "کۆتاییهێنان بە جەنگ خاڵی لەپێشینەیە، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن کە ئەم رووبەڕووبوونەوەیە هەرگیز بە خۆبەدەستەوەدانی ئێران کۆتایی نایەت و ئێرانییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەتەواوی ئامادەن."

.jpg&w=3840&q=75)

