رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) رایگەیاند، هێزێکی ئیسرائیل چووەتە نێو شارۆچکەی کۆدنە لە پارێزگای قونەیتەرە لە باشووری رۆژئاوای سووریا و بازگەیەکی سەربازیی کاتی بۆ پشکنینی رێبواران داناوە.
ئاژانسەکە رۆژی شەممە 11ـی تەممووزی 2026 بڵاویکردەوە: "رۆژی شەممە، هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە نێو شارۆچکەی کۆدنە لە باشووری دەشتی قونەیتەرە." ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزێکی داگیرکەر کە لە شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوو، چوونەتە نێو شارۆچکەکە."
ئاژانسەکە، باسی لەوەش کردووە، "هێزەکە بازگەیەکی سەربازی داناوە و دەستی بە پشکنینی رێبواران کردووە."
تاوەکو ئێستا تەلئەڤیڤ هیچ لێدوانێکی لەبارەی پێشڕەوییەکانییەوە نەداوە، کە سووریا بە پێشێلکارییەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر سەروەریی سووریا دەیناسێنێت.
پێشتر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئەم هەنگاوانەی ئیسرائیل سەرکۆنە کردبوو و بە "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بۆ ئاسایشی هەموو ناوچەکە" پێناسە کردبوو. داوای لە ئیسرائیل کردبوو لەو خاکانە بکشێتەوە کە لە باشووری سووریا "داگیری کردوون."
شەرع، رۆژی سێشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشق رایگەیاند: "بنەمای سەقامگیریی راستەقینە، پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 و کشانەوەی تەواو لەو ناوچانەی کە دوای 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 داگیری کردوون."
ماوەی چەند مانگێکە ناوچەکانی باشووری سووریا، رووبەڕووی پێشڕەوی بەردەوامی ئیسرائیل دەبنەوە، کە بریتییە لە ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانە سەر، پشکنین، دەستگیرکردن و دانانی بازگەی سەربازی.
ئەم جووڵانە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و راگەیاندنی ئیسرائیل بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی داماڵراوی سووریا، زیادیان کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
