رووداو دیجیتاڵ هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند، سیستمی بەرگرییە ئاسمانییان چەند مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە، کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەرەو ناوچەکانی باشووری سعودیە ئاراستە کرابوون؛ ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا دێت. رۆژی دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "بەرگرییە ئاسمانییەکان هەڕەشەی مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاند ،کە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە بەرەو ناوچەکانی باشوور ئاراستە کرابوو." ئەم هێرشە مووشەکییەی حوسییەکان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دەست شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزییەکانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن کرایە ئامانج و حوسییەکانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە سعوودیە کردبوو. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد، کە کرایەسەر فڕۆکەخانەی سەنعا. تاهیر عەقیلی، وەزیری بەرگری لە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سەنعا رایگەیاند، "حکومەتی شەرعیی یەمەن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەموو ئامرازە دیپلۆماسی و یاساییەکانی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی رژێمی ئێران و میلیشیاکانی حووسی لە سەنعا رازیبکەن، دەست هەڵبگرن لە پێشێلکردنی ئاسمانی یەمەن لە رێگەی فڕۆکە ئێرانییەکانەوە. ئەم پێشێلکارییە یەکەمین نییە لە جۆری خۆی، بەڵام جیاوازە لە رووداوەکانی پێشوو بەوەی کە بە ئاشکرا تەحەدای شەرعیەتی نێودەوڵەتی دەکات". دوو حکومەت لە یەمەن هەن. ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی کە دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە و کۆنترۆڵی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی یەمەنی کردووە، ئەوەی دیکەشیان حووسییەکانن کە رۆژئاوای وڵاتەکە واتا کەناراوەکانی سەر دەریای سووریان لەژێر دەستە. بەگوێرەی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی یەمەن، هێرشەکە بۆ رێگری بووە لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی. فرۆکەکە شاندی حوسییەکانی تێدابوو کە رۆژی 3ی تەممووز، لە تاران بەشدارییان لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران کردبوو. لە کاتی بەڕێکەوتنی شاندەکەش، سعودیە و هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر فڕۆکەخانەکە، بەڵام گەشتەکە کرا. حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، واشنتن و تەلئەڤیڤ هەوڵی بێ کاریگەرکردنی ئەو گرووپە دەدەن لە ترسی ئەوەی وەک پاڵپشتییەک بۆ ئێران، تەنگەی بابولمەندەب دابخەن.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13-07-2026بۆ یەکەمجار ئەمریکا درۆنی دەریایی لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا بەکاردەهێنێت