رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکە، هێزەکانیان گەمارۆی سەر ئەو کەشتییانە دەستپێدەکەنەوە کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن. رۆژی سێشەممە 14-07-2026، کاژێر 11:00ـی شەو بە کاتی هەولێر [4:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا]، بڕیارەکەی سێنتکۆم دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و گەمارۆ دەخرێتە سەر ئەو کەشتییانەی بەرەو بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران دەچن یان لێیانەوە دەگەڕێنەوە. سێنتکۆم دەڵێت: "سوپای ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە رێڕۆ ئاوییەکانی ناوچەکە بۆ هەموو ئەو کەشتییانەی سەرپێچیی گەمارۆکە ناکەن." دەستپێکردنەوەی ئەم گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا دوای قۆناخی یەکەمی دێت کە لە 13ـی نیسانەوە تاوەکو 18ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەی قۆناخی یەکەمدا، هێزەکانی سێنتکۆم ئاراستەی زیاتر لە 140 کەشتییان گۆڕی و 9 کەشتیی سەرپێچیکاریان لەکارخست، هەروەها رێگەیاندا زیاتر لە 50 کەشتیی بازرگانی کە هاوکاریی مرۆییان دەگواستەوە بەناو گەمارۆکەدا تێپەڕن. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئامۆژگاریی کەشتییەکان دەکەن، چاودێریی بڵاوکراوەکانی تایبەت بە دەریاوانان بکەن، کاتێکیش لە کەنداوی عومان و نزیک تەنگەی هورمز کار دەکەن، دەبێت لە رێگەی کەناڵی 16ـەوە پەیوەندی بە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە بکەن. سێنتکۆم راشیگەیاندووە، لە رێگەی راگەیێندراوێکی فەرمییەوە زانیاریی زیاتر دەدرێتە کەشتییە بازرگانییەکان.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13-07-2026هاوپەیمانیی عەرەبی: چەند مووشەکێکی حوسییەکانمان لە باشووری سعودیە تێکشکاند
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13-07-2026بۆ یەکەمجار ئەمریکا درۆنی دەریایی لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا بەکاردەهێنێت