رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری گرژییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت هێشتا دەرفەت هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران.
رۆژی دووشەممە ترەمپ بە بەرنامەیەکی رادیۆیی گوت: "ئەمشەو زۆر بە قورسی لێیان دەدەین و سبەینێش بە قورسی لێیان دەدەین." ئەم هەڕەشە و هێرشانە ترسێکی گەورەی لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی سەرتاسەری دروست کردووە، کە بەهۆیەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی زیاتر لە 9٪ بەرزبووەوە.
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکان کاژێر 20:45 بە کاتی گرینج، واتە 11:45 خوولەکی شەو بەکاتی هەولێر دەستیان پێکردووە، کە ئەمە دەبێتە سێیەم شەوی لەسەریەکی بۆردوومانەکان.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن لە گەیاندنی زیانێکی گەورە بەسەر هێزەکانی ئێراندا و توانایان بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیلی بێتاوان و کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز کەمدەکەنەوە."
هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی ئیمارات
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ئیمارات رایگەیاند، ئێران لە تەنگەی هورمز هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی ئەوان، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی تیمی کەشتییەکە کوژراوە و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "کەشتییە نیشتمانییەکانی 'مۆمباسا' و 'ئەل بەهیا' بە دوو مووشەکی کروزی ئێرانی کراونەتە ئامانج، لە کاتێکدا بە رێڕەوی باشووری تەنگەی هورمزدا لەنێو ئاوەکانی عومان تێدەپەڕین."
پێشتریش لە رۆژی دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو کە چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکان لە بەحرێین، ئوردن، کوێت و عومان کە بنکەی ئەمریکایان تێدایە.
ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی بنکە ئەتۆمییەکان دەکات
کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە هەفتەی رابردوو ترەمپ بەفەرمی کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئەمریکا گەڕاوەتەوە نێو ململانێی سەربازی لەگەڵ ئێران. ئەمەش دەسەڵات دەداتە پێنتاگۆن بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام بکات.
ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی "چيای کلنگ" (کێوی کۆلەنگ)ـیشی کرد، کە بنکەیەکی ئەتۆمیی قووڵە لەژێر زەوی لە نزیک نەتەنز، کە هەواڵگریی رۆژئاوا گومانی هەیە ئێران لەوێ خەریکی دروستکردنی دامەزراوەیەکی نهێنی بێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
ترەمپ گوتی: "بە ئێرانییەکان بڵێن با ئامادە بن. پێیان بڵێن کە ئێمە دێین و هیچ شتێکی نەفرەتیش نییە بتوانن بیکەن بۆ ئەوەی رێگریمان لێبکەن."
کێ باج وەردەگرێت؟ ئەمریکا یان ئێران؟
لەسەر فەرمانی ترەمپ، سێنتکۆم بڕیاریدا لە کاژێر 8:00ی شەوی سێشەممە بەکاتی گرینج، واتە 11ی شەو بەکاتی هەولێر، جارێکی دیکە گەمارۆ بخاتەوە سەر بەندەرەکانی ئێران.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، رایگەیاند کە لەمەودوا ئەمریکا بە "پاسەوانی تەنگەی هورمز" دەناسرێت و 20٪ باج دەخاتە سەر هەر کاڵایەک کە بەو رێڕەوەدا تێبپەڕێت، بەڵام جەختی کردەوە کە جگە لە ئێران، "هەموو وڵاتانی دیکە دەتوانن بەشێوەیەکی کراوە و بێلایەنانە تەنگەکە بەکاربهێنن."
لەوەڵامدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گاڵتەی بە بڕیارەکەی ترەمپ کرد و لە ئێکس نووسی: "سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی راست دەکات کە هەرکەسێک سەلامەتیی تێپەڕبوون بپارێزێت دەبێت پاداشت بکرێت، بەڵام تاران پارەیەکی کەمتر وەردەگرێت." گوتیشی: "20٪ بێگومان زۆرە."
پێشتر واشنتن بەتووندی لە دژی ئەوە بوو کە ئێران باج بخاتە سەر تەنگەکە، چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەو کارە قەدەخەیە.
"دانوستاندنەکان لە قەیراندان"
سەرەڕای هەموو ئەم هێرشانە، ترەمپ رۆژی دووشەممە گوتی کە هێشتا بڕوای وایە رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکرێت. ئەو گوتی: "دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵیان رێککەوتبووین، بەڵام دواتر گوتیان 'ئۆهـ ناتوانین ئەو رێککەوتنە بکەین. دەبێت زیاتر دانوستاندنـی لەسەر بکەین.'"
بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی مانگی حوزەیران کە بناخەی دانوستاندنـەکان بوو و گەمارۆکەی ئەمریکای لابرد، ئێستا "لە قەیراندایە."
بەقایی هۆشداری دا ئەگەر واشنتن پابەند نەبێت، ئێرانیش گوێ بە بەڵێنەکانی نادات، بەڵام جەختی کردەوە کە تاران لە گفتوگۆکانی بەردەوامە لەگەڵ نێوەندگیرەکانی قەتەر، پاکستان و عومان بۆ رێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە.
تۆڵەی کوشندە
میدیا فەرمییەکانی ئێران کوژرانی چەند کەسێکیان لە هێرشەکانی ئەمریکادا پشتڕاست کردووەتەوە کە کراونەتە سەر باشوور و رۆژئاوای وڵاتەکە. بەپێی ئاماری ئاژانسی فرانس پرێس، لەوەتەی رۆژی چوارشەممەوەی رابردووەوە کە شەڕ دەستیپێکردووەتەوە، لانی کەم 25 کەس لە ئێران کوژراون.
ئێران جەخت دەکاتەوە کە تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو دەکاتە ئامانج، بەڵام گوتەبێژی فەرماندەییی سەربازیی ئێران هۆشداریی دا کە هەر جۆرە هاوکارییەکی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەمریکا، وەک "راگەیاندنی جەنگ" دژی ئێران هەژمار دەکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)