رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاژەڵەکانی باخچەی (رەمەت جان) لە ئیسرائیل، بە خواردنی چلوورە و ئاوی سارد خۆیان لە گەرمای تووند دەپارێزن.
رۆژی دووشەممە 13-07-2026، هێلا فێڵدمان جێرا، گوتەبێژی باخچەکە رایگەیاند: "کە ئێمە گەرمامان دەبێت، ئاژەڵەکانیش گەرمایان دەبێت، بۆیە بە چەندین شێوازی جیاواز فێنکیان دەکەینەوە."
ئیدارەی باخچەکە بە پێشکێشکردنی چەندین جۆر هاوکاریی ئاژەڵەکان دەکات بۆ بەرگەگرتنی گەرما. گوتەبێژی باخچەکە لەو بارەیەوە گوتی: "مەیموونی گۆریلا و شامپانزییەکان حەزیان بە میوە و سەوزەی بەستووە، ورچەکان ماسیی بەستوویان پێشکەش دەکرێت، ئاژەڵە دڕندەکانی وەک شێر و پڵنگیش حەزیان بە چلوورەی خوێن و ستەیکی بەستووە."
جگە لە خواردنی بەستوو، ئاژەڵە گەورەکانی وەک فیل سوود لە ئاوی سارد وەردەگرن.
گای کفیر، چاودێری فیلەکان لە باخچەکە رایگەیاند، لەم هاوینە گەرمەی ئیسرائیلدا، ئامێرەکانی ئاوپڕژێن بۆ فیلەکان دادەگیرسێنن. فیلەکان، لەنێویاندا (یۆسی) کە بە قورسترین فیلی ناو باخچەکانی ئاژەڵان لە جیهاندا دادەنرێت، دێنە ژێر ئاوە ساردەکە بۆ خۆفێنککردنەوە؛ کفیر دەڵێ: "ئەوان زۆر حەزیان لە ئاوە، ئەمەش هەم جۆرێکە لە چالاکی و هەمیش هۆکارێکی باشە بۆ فێنککردنەوەیان."
هاوکات لە بەشەکانی دیکەی باخچەکەدا، چاودێرانی مەیموونەکانی گۆریلا و لێمۆر میوەی بەستووی وەک قۆخیان پێدەدەن بۆ ئەوەی لەم شەپۆلی گەرمایەدا پارێزراو بن.


