رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە هۆشداریی تووندی دایە تاران و بەڵێنیدا کە ئەگەر ئێران هەر هێرشێکی نوێ بکاتە سەر وڵاتەکەی، بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامیان دەدەنەوە.
نەتانیاهوو لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا، کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند: "بە سەرکردەکانی ئێران دەڵێم؛ وا مەزانن کە ئەگەر هێرشمان بکەنە سەر، دۆخەکە بە هێمنی و بێدەنگی دەمێنێتەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە گۆڕینی ستراتیژیی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە لایەنێک لێمان بدات و ئێمە بە لێدانێکی یەکلاکەرەوە و کوشندە وەڵامی نەدەینەوە."
ئەم هۆشدارییەی نەتانیاهوو لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لووتکە و ئەمریکا بۆ سێ شەوی یەک لە دوای یەک شەپۆلێکی فراوانی بۆردوومانەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، تارانیش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دەداتەوە.
دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمشەو (شەوی سێشەممە) و سبەی (شەوی چوارشەممە) هێرشی تووند دەکەنە سەر ئێران. ئێرانیش هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێی، لەوانە بەحرێن، ئیمارات و قەتەر.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێیان وەڵامیدانەوە. تاوەکو ئێستا ئیسرائیل نەچووەتە نێو ئەم گەڕەی جەنگەکەوە.
ئەمریکا هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و وەرگرتنی 20٪ی ئەو بارانە دەکات کە بە تەنگەکەدا دەگوازرێنەوە، ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە رەتکراوەتەوە و بەرپرسانی تاران دەڵێن، تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە. تارانیش دەیەوێ، رسووماتی خزمەتگوزاری تێپەڕین بە تەنگەکەدا وەربگرێت.
خاڵی پێنجەمی یاداشتنامەی نێوان ئێران و ئەمریکا تایبەتە بە رێوەبردنی تەنگەی هورمز، بەڵام هەر لەلایەکیان لە بەرژوەندی خۆی شرۆڤەی بۆ دەکات.
رێکنەکەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەکە مەترسی لەسەر گواستنەوەی وزە و شمەک بە تەنگەکەدا دروستدەکات کە پارەکەی ساڵانە دەگاتە نزیکەی تریلیۆنێک دۆلار.
وەرگرتنی باج و کرێی پاسەوانی لە کەشتییەکان لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە، بە واتای زیادبوونی تێچووی گواستنەوە دێت، دواجار زنجیرەکە بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک و وزە کۆتایی دێت.


