رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی (نەسر 2)، هێرشیان کردووەتە سەر رادارای سیستمی (سیرام)ـی ئەمریکا لە بنکەی عەلی سالم لە کوێت.
رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026 سوپای پاسدرانی ئێران بڵاویکردەوە: "لە هەشتەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی (نەسر 2)، بە بەکارهێنانی توانای مووشەکی و درۆنی، راداری ئاگادارکەرەوەی سیستمی (سیرام)ـی ئەمریکا لە بنکەی عەلی سالم لە کوێت کرایە ئامانج."
سوپای پاسدارانی ئێران هەروەها رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە بنکەکە.
هاوکات، لە راگەیێندراوێکی جیادا سوپای ئێران (ئەرتەش) بڵاویکردەوە: "لە نۆیەمین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی ساعیقە [هەورەبرووسکە] و لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی دووژمن، سیستمەکانی پەیوەندی و کۆگەکانی سووتەمەنیی سوپای تیرۆریستیی ئەمریکا لە ئوردن بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج."
سوپای ئێران گوتی: "درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی دووژمنی منداڵکوژ بۆ سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەمان و سەربازگەی (بەمپوور) لە ئیرانشەهر، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 7 پلەدار و سەربازی هێزی وشکانیی سوپا، بنکەی راداری جێگیر، سیستمی پەیوەندی و کۆگەکانی سووتەمەنیی سوپای ئەمریکامان لە بنکەی (ئەزرەق) لە ئوردن پێکا."
هەر ئەمڕۆ، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس نووسی: "شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتووە. لەم هێرشانەدا هێزەکانی ئەمریکا ناوەندەکانی فەرماندەیی، پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، تواناکانی مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، "ئەمەش بۆ لاوازکردنی توانای تاران لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن."
سێنتکۆم گوتی، هێرشەکان کاژێر 9:00ـی شەو بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [4:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر] کۆتاییان هاتووە.
ئەمە پێنجەم رۆژی بەدوای یەکە ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر کەناراوەکانی ئێران و بە گوتەی خۆیان هێرشەکان بۆ نەهێشتنی توانای مووشەکی و هێرشبەری ئێرانە بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
ئەو هێرشانە لە کاتێکدان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا هەفتەی داهاتوو هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕدەکەنەوە.
چەند کاژێرێک پێش ئەم هێرشانە، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران و رایگەیاند، ئەمریکا لە هەر کاتێکدا بتوانێت، هەوڵدەدات گورز لە ئێران بوەشێنێت.
قالیباف لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی رووبەڕووی ستراتیژییەکی نەگۆڕی ئەمریکا بووەتەوە و گوتی: "ئێمە لە شەڕێکی جەوهەری داین لەگەڵ ئەمریکا، کە ئامانجەکەی جگە لە رووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پارچەپارچەکردنی وڵاتە ئازیزەکەمان، ئێرانە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کرد، تاران هیچ کات پێشوازی لە جەنگ نەکردووە، بەڵام دووپاتیکردەوە، "هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە پشت بەستن بە توانای خۆمان و بەهێزبوون."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. مانگی رابردوو، تاران و واشنتن ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام پابەند نەبوون پێیەوە.



