رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، فرۆشتنی چەکیان بایی 1.96 ملیار دۆلار بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە پەسەند کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانەمرکاوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 15-07-2026 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەم پێشنیازەی فرۆشتنی چەک، پاڵپشتی لە سیاسەتی دەرەوە و ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەکات، ئەوەش لە رێگەی باشترکردنی ئاسایشی هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ، کە هێزێکە بۆ سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەی کەنداو."
لە نێو ئەو چەکانەی شانشینی سعودیە داوای کردوون، تاوەکو 20 هەزار سیستمی پێشکەوتووی چەکی وردپێکێنی (APKWS) و کڵاوەکانیان هەیە، کە ماڵپەڕی هێزی دەریایی ئەمریکا بە "رێگەیەکی کەم تێچوو بۆ لەناوبردنی ئامانجەکان و کەمکردنەوەی زیانە لاوەکییەکان لە شەڕ" وەسفیان دەکات. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەڵێندەری سەرەکیی پرۆژەکە کۆمپانیای (BAE Systems) دەبێت لە شاری (ناشوا) لە ویلایەتی (نیوجێرسی).
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم فرۆشتنە توانای سعودیە بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو باشتر دەکات، لە رێگەی بەهێزکردنی بەرگریی نێوخۆیی و باشترکردنی هاوئاهەنگی و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، ناتۆ و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە." دووپاتیش کراوەتەوە، "ئەم پێشنیازەی فرۆشتنە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئامادەیی بەرگریی ئەمریکا نابێت."
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، پێدەچێت سعودیە لە لێواری دەستپێکردنەوەی جەنگ بێت لەگەڵ چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە مووشەکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی شاری (ئەبها) لە باشووری وڵاتەکە کرد.
هێرشەکەی حووسییەکان دوای ئەوە هات، حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی (سەنعا) بە مەبەستی گۆڕینی رێڕۆی فڕۆکەیەک کە شاندێکی حووسییەکانی هەڵگرتبوو و لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەری ئێران دەگەڕانەوە. حووسییەکانیش لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، (ریاز)ـیان تۆمەتبار کرد.
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، ئەمریکا شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و گەمارۆی دەریایی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووەتەوە بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی.



