رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دینا کەراریی ئازاد کردووە، کە هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە دەستبەسەر کرابوو و رێگەی پێداوە وڵاتەکە جێبهێڵێت.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال: "ئەو [دینا] ئێستا بە سەلامەتی لە دەرەوەی ئێرانە و دۆخی باشە." هەروەها گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوپاسی ئەم هەنگاوەی نیازپاکی ئێران دەکات."
ترەمپ، کە لەم رۆژانەی دواییدا فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران داوە و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانیدا سەپاندووەتەوە، رایگەیاند، "بەشێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کرابوو."
جارید گێنسنەر، پارێزەری ژنەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە رایدەگەیێنم بریکارەکەم دینا کەراری، کە هاووڵاتییەکی ئەمریکی-ئێرانییە و بە تۆمەتی ساختەی هاوکاریکردنی دەوڵەتێکی دووژمن و سیخووڕی لە ئێراندا گیریخواردبوو، ئێستا بە سەلامەتی لە دەرەوەی ئێرانە و لە رێگەی گەڕانەوەیەتی بۆ ئەمریکا."
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، ئەوەی سەرنجی دەسەڵاتدارانی تارانی بۆ سەر کەراری راکێشابوو، بەڕێوەبردنی رێکخراوی قازانجنەویستی (منداڵانی مێهر) بوو، کە لە رێگەی بەخشینی تایبەتەوە هاوکاریی منداڵانی هەژاری لە ئێران دەکرد.
گێنسەر گوتی: "لە کاتێکدا قەدەخەی چوونەدەرەوەی بەسەردا سەپێنرابوو، دەیان جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێرانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە؛ هەرچەندە قەت بە شێوەیەکی جەستەیی دەستبەسەر نەکرا، بەڵام تووشی سەختییەکی زۆری جەستەیی و دەروونی بووەتەوە."
هەروەها داوای لە ئێران کرد، سەرجەم ئەو "ئەمریکییانەی بە نادادپەروەرانە زیندانیکراون، یان قەدەخەی چوونەدەرەوەیان بەسەردا سەپێنراوە لەگەڵ سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی ئێران" ئازاد بکات.
ئێران چەندین هاووڵاتیی وڵاتانی رۆژئاوای دەستبەسەر کردووە و تۆمەتبارە بەوەی وەک کارتی گوشار لە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتەکاندا بەکاریان دەهێنێت.
لە مانگی ئایاری رابردوودا، واشنتن ئازادکردنی هاووڵاتییەکی ئێرانیی هەڵگری مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەمریکای راگەیاند، دوای ئەوەی سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی لە ئێران تەواو کرد.
مانگی رابردوو، واشنتن و تاران لێکتێگەیشتنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆکرد، بەڵام ئەو دوو رکابەرە گرژییەکانیان نوێکردووەتەوە و پێکدادانەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەستیانپێکردووەتەوە.



