پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە 31دا رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان لە رێگەی هێرشێکی مووشەکییەوە، فڕۆکە بارهەڵگرەکانی جۆری C17 و فڕۆکەکانی کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی جۆری P8ی سوپای ئەمریکاییـیان لە فڕۆکەخانەی عەقەبەی ئوردن کردووەتە ئامانج. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم هێرشە لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە و لە چوارچێوەی "شەپۆلی 21ی ئۆپەراسیۆنی نەسر 2" و بە درووشمی (یا روقەیە) ئەنجام دراوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، بە هاوئاهەنگی خەڵک و سوپای ئوردن، توانیویانە 20 حەشارگەی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ئەزرەق تێکبشکێنن و دەیان سەربازی ئەمریکا بکوژن. هاوکات، تاران "وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی سەربازەکانی لە شاری ئێرانشەهر"، هێرشی کردە سەر ناوەندی فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەی تەنەف لە سووریا. فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی بۆردومانەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین ناوچەی ستراتیژییان لە باشووری ئێران پێکاوە، لەوانە: بوشەهر، چابەهار، سیریک، تەورێز، بەندەری ماهشەهر، بەندەری جاسک و کەنارەک. جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردووە و ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی زۆر مەترسیدارەوە. لەم ماوەیەدا چەندین جار بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، عێراق و وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە.