رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، تاوەکو ئێستا رێگرییان لە هەشت کەشتی کردووە کە ویستوویانە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە بێنە دەرەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم کە رۆژی دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر کەشتیی هێرشبەری یو ئێس ئێس بۆکسەر-4 جێگیرکراون، بە شێوەیەکی بەردەوام و 24 کاژێری پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە دەریای عەرەب دەکەن. ئەم جموجۆڵە سەربازییانە هاوکاتن لەگەڵ تووندکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئامارەکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە تاوەکو رۆژی 20ی تەممووزی 2026، هێزەکانیان رێڕەوی حەوت کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و کەشتییەکی دیکەشیان بە تەواوی پەکخستووە؛ ئەمەش بە مەبەستی رێگری لە هەر جۆرە هاتووچۆیەکی کەشتییەکان بۆ ناو بەندەرەکانی ئێران یان بە پێچەوانەوە.
ئەم رێکارە تووندانەی واشنتن لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لوتکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت یان مەترسی بۆ سەر هاتووچۆی نێودەوڵەتی لە تەنگەی هورمزدا دروست بکات.
10 رۆژە ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و گەمارۆ دەریاییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە کردووەتەوە. تارانیش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو وەڵامی داوەتەوە. بە گوێرەی سوپای ئەمریکا، لە هێرشەکانی ئێراندا دوو سەربازیان لە ئوردن کوژراون و سەربازێکیشیان لە هەرێمی کوردستان لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی کوژراوە.
.jpg&w=3840&q=75)


