رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکەیان دەستیان بە گەڕێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردووە.
رۆژی دووشەممە 20-07-2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ کاژێر 4:00ـی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [11:00 شەو بەکاتی هەولێر]، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی فەرماندەی گشتی [دۆناڵد ترەمپ] دەستیان بە گەڕێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کرد."
لەبارەی ئامانجی هێرشەکانەوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان بۆ ئەوەن "توانا سەربازییەکانی ئێران زیاتر لاواز بکەن، کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز بەکاریاندەهێنێت."
ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی، هەر جارێک سەربازێکی ئەمریکی بکوژن، باجەکەی چەندین هێندە دەدەن.
لەم دواییەدا ئەمریکا کوژرانی چەند سەربازێکی دیکەی راگەیاند، کە یەکێکیان لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە لە مانگی شوباتەوە کوژراون، گەیشتە 17 سەرباز.
دوای تێکچوونی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاستەنگیی زۆر بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و کەنداو دروست بووە و هێرش کراوەتە سەر چەندین کەشتی. لە بەرامبەریشدا، ئێران بە درۆن و مووشەک بنکەکانی ئەمریکای لە کوێت، بەحرێن، ئوردن و سووریا بۆردوومان کردووە.
هاوکات لە نوێترین پێشهاتیشدا، میدیای ئێران رایگەیاند، دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس، سیریک و شیراز بیستراون.


