رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 7 پارێزگا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردوومانکران. هێرشەکان زیانی گیانی و مادییان هەبوو و لایەنی بەرپرس دەڵێ، لە تەورێز کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو، ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ( سێنتکۆم) دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی بۆردوومانەکانی بۆسەر ئێران راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026 میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، کاژێر 2:35ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی تاران (2:05 خولەک بە کاتی هەولێر) ناوچەیەکی سەربازی لە باشووری رۆژئاوای شاری تەورێز کرایە ئامانج.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگای تەورێز رایگەیاند، لەو هێرشەدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بۆردوومانەکان دوو پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانیشیان گرتەوە.
یەکێک لە بۆردوومانەکان بۆسەر ئامانجێک لە پارێزگای لوڕستان بوو. میدیای فەرمیی ئێران باس لەوە دەکات، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە سنووری شاری خوڕەمئاوای پارێزگاکە بیستراوە.
بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێش رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ناوچەی سیلوانا لە سنووری پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند کەسێک بریندار بوون.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە هەیە، ئیحسان جەهانییان، جێگری پارێزگاری بوشێهر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو پێگەی سەربازی لە شارۆچکەی خورموج لە پارێزگاکە بۆردوومانکران.
ئەو بەرپرسە گوتی، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکان بۆ ماوەیەک پچڕاون.
هاوکات لە بەندەری ماهشەهر و بەندەری ئیمام خومەینی و دەشتی ئازادەگان سەر بە پارێزگای خوزستان چەند تەقینەوەیەک روویاندا.
هەروەها میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 2:20 بۆ 2:40، لە شارەکانی جاسک و سیریک سەر بە پارێزگای هورمزگان، دەنگی لانیکەم سێ تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هەروەها ئەمڕۆ لە بەندەرعەباس لە باشووری ئێران و شارەکانی چابەهار و کۆنارەکی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە
سوپای پاسدارانی ئێران کاژێر 6:49 خولەک بە کاتی ئێران (6:19 خولەک بە کاتی هەولێر) دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی هێرشەکانی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتی ناوچەکە راگەیاند.
سوپای پاسداران دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم بەرەبەیانییەی بۆسەر بنکەی (عەلی سالم) لە کوێت، سیستمێکی راداری هۆشداری و درۆنێکی جۆری MQ-9ی سوپای ئەمریکای تێکشکاندووە.
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لە ئەنجامی هێرشەکەدا و لە هەمان شوێن، کۆگەیەکی کەرەستەی فڕۆکە و چەند درۆنێکی MQ-9ی ئەمریکا ئاگریان گرتووە.
میدیای سەر بە سوپای پاسدارانیش گوتی، هێرش کراوەتە سەر چەند ئامانجێک لە بەحرێن.
وەک سوپای پاسداران دەڵێ، هێزەکانی بە مووشەکی پێشکەوتوو فڕۆکەی جۆری C17، فڕۆکەی کۆنترۆڵ و فەرماندەیی جۆری P8ی سوپای ئەمریکای لە فڕۆکەخانەی عەقەبەی ئوردن کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکی دیکەدا بڵاویکردەوە: "درەنگانی شەوی رابردوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کە بە هاندان و ناچارکردنی سوپای ئەمریکا دەیانویست لە رێڕەوی نائارام و مەترسیداری باشووری تەنگەی هورمزەوە بچنە ژوورەوە و دەرباز بن، تەقێندرانەوە و لە جووڵە خراون."

.jpg&w=3840&q=75)

