رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێران و دەڵێت، هەر جارێک سەربازێکی ئەمریکی بکوژن، باجەکەی چەندین هێندە دەدەن. رۆژی دووشەممە 20-07-2026 لە پەیامێکدا ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "هەموو جارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، باجەکەی چەندین هێندە دەدات." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئەم فەرمانەی بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ دانیێل کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا و سەرجەم فەرماندەکانی نێو سوپای وڵاتەکەی داوە. ئەم هۆشدارییەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە "جەنگێکی گشتگیر"ـدایە. لەم دواییەدا ئەمریکا کوژرانی دوو سەربازو بێسەروشوێنبوونی سەربازێکی دیکەی لە ئوردن راگەیاند؛ هەروەها ئەم هەفتەیە سەربازێکیان لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران لە هەرێمی کوردستان، گیانی لە دەست داوە. بەمەش ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە لە مانگی شوباتەوە کوژراون، گەیشتە 17 سەرباز. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی ئێران فراوانتر کردووە و بۆ نۆیەمین شەوی لەسەریەک "بە سەرکەوتوویی" هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانیان لەو وڵاتە. وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش رایگەیاندووە، لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 500 کەسیش بریندار بوون.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026ئەمریکا "هۆشداریی جیهانی" دەداتە هاووڵاتییانی و دەڵێت ئەگەری هێرشی ئێران هەیە