رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کۆتاییان بە گەڕێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانیان هێناوە بۆ سەر دامەزراوە و پێگە سەربازییەکانی ئێران، کە ئامانج لێی "کەمکردنەوەی تواناکانی ئەو وڵاتەیە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی هەولێر، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەندین ئامانجی ستراتیژییان لەنێو ئێران بۆردوومان کردووە، لەنێویاندا؛ ناوەندەکانی فەرماندەییی سەربازی، توانا دەریاییەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن و هەروەها سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.
سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، دوایین شەپۆلی هێرشەکانیان کاژێر 9:00ی شەوی دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا کە دەکاتە 4:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر، تەواو کردووە.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، کە بە رێڕەوێکی گرنگی نێودەوڵەتی دادەنرێت، بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا، کارئاسانییان بۆ دەربازبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و گواستنەوەی 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کردووە بەنێو ئەو تەنگەیەدا.
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداریی تووند دەداتە تاران و دەڵێت، هێزەکانیان لە ئاستی ئامادەیی تەواودان بۆ لێپرسینەوە لە ئێران بەهۆی ئەو "دەستدرێژییە بێپاساوانەی" دەیکاتە سەر ئەو "دەریاڤانە سڤیلانەی کە دەیانەوێت بە ئازادی و سەلامەتی بە تەنگەکەدا تێپەڕن".
دەقی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم:
"فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە کاژێر 9:00ـی شەوی 20ـی تەممووز بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، گەڕێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران تەواو کرد.
هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی فەرماندەییی سەربازی، توانا دەریاییەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ئەوەش بۆ پەکخستنی توانای ئێران بۆ بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بەنێو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بەنێو ئەم رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگەدا بەردەوامە. لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانی سێنتکۆم کارئاسانییان بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کردووە.
هێزەکانی ئەمریکا لە ئاستی ئامادەیی تەواودا دەمێننەوە بۆ لێپرسینەوە لە ئێران لەسەر دەستدرێژییە بێپاسەوەکانی بۆ سەر ئەو دەریاوانە سڤیلانەی کە هەوڵدەدەن بە ئازادی و بەکراوەیی بە تەنگەکەدا تێپەڕن."

.jpg&w=3840&q=75)

