رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لەلایەکەوە داوای دانوستاندن و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات و لەو لاشەوە هێزی زیاتر دەهێنێتە ناوچەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەمریکییەکان بەردەوام کەرەستەی سەربازیی نوێ دەهێننە ناوچەکە و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە بەدوای راگرتنی جەنگەوەن."
قالیباف گوتی، "وڵاتەکەمان ستراتیژی ئەمریکا دەناسێت و خۆی ئامادە کردووە، بۆیە دەبێت کردەوەکان پشتڕاستکەرەوەی بانگەشەکان بن، نەک پێچەوانەکەیان."
ئەم پۆستەی قالیباف لە کاتێکدایە، کە چەند میدیایەکی ئەمریکی بڵاویان کردووەتەوە، ئەمریکا فڕۆکەی سەربازیی زیاتری بۆ ناوچەکە ناردووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی زیاتری لە جۆرەکانی F-16 و F-35 لەگەڵ فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران لێکدراوەتەوە. هەروەها رۆژنامەی واشنتن پۆستیش لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەڵیت؛ ئەمریکا پلانی بۆ "شەڕێکی بەرفراوانتر" هەیە.
لە هەمانکاتدا، نۆ رۆژە لەسەر یەک، سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێرانی، لە نۆیەمین شەودا هێرشەکانی ئەمریکا حەوت پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە کە ئەوانیش، پارێزگاکانی خوزستان، بووشەهر، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان، تەورێز و دوو پارێزگای لوڕستان و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم، لە نۆیەمین شەوی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران، چەندین ئامانجی جیاواز، لەوانەش "سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، وێستگەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی کەناراوەکان، تواناکانی دەریایی، سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە" بۆردوومان کراون.
لە بەرامبەریشدا ئێران هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکایان لێیە.




