رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، لەم مانگەدا بەهۆی چەندین هێرشی ئاسمانیی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نزیکەی 100 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. رۆژی دووشەممە 21-07-2026 شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە لێدوانێکدا بۆ سی بی ئێس ئەو ژمارەیەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، لە 7ـی تەممووزی 2026ـەوە نزیکەی 100 سەرباز "بە ئاستی جیاواز"، کە 96%ـیان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان. پارنێل گوتیشی: "ئەوان سوورن لەسەر گەڕانەوە بۆ نێو جەنگەکە، زۆربەی برینەکانیش سووک بوون." ئەم برینداربوونانە لە کاتێکدان، دوای هەرەسهێنانی ئاگربەستەکەی نێوانیان، گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران پێیان ناوەتە قۆناخێکی نوێوە. زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای ئەمریکا شەوانە هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی ئێران بە مەبەستی رێگریکردن لە هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لە بەرامبەریشدا ئێران ئامانجەکانی ئەمریکای لە ئوردن، کوێت، بەحرێن و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی واشنتن کردووەتە ئامانج. پێنتاگۆن تاوەکو ئێستا بە فەرمی ژمارەی دروستی سەربازە بریندارەکان و قەبارەی زیانەکانی دوایین شەپۆلی هێرشەکانی ئێرانی ئاشکرا نەکردووە. بەگوێرەی سیستمی شیکاریی قوربانییانی بەرگری (DCAS)، لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە 413 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، بەڵام ئەم ئامارە بریندارەکانی ئەم مانگەی تێدا نییە. لە بەشێکی دیکەی وێبسایتەکەدا باس لە 427 بریندار کراوە. هەروەها جگە لە کوژراوەکانی کۆتایی هەفتە کە سێ کەس بوون، 14 ئەمریکی دیکە لە جەنگەکەدا کوژراون. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی سەربازەکانی داوە و رۆژی دووشەممە لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "هەموو جارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، باجەکەی چەندین هێندە دەدات." گوتیشی ئەم فەرمانەی بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ جەنەڕاڵ دانیێل کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا و سەرجەم فەرماندەکانی نێو سوپای وڵاتەکەی داوە. لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەی رێوڕەسمی گێڕانەوەی تەرمی ئەو سەربازە کوژراوانە دەبێت.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026ئەمریکا "هۆشداریی جیهانی" دەداتە هاووڵاتییانی و دەڵێت ئەگەری هێرشی ئێران هەیە