رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێت، هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی دەوحەی ئەمریکا لە کوێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-07-2026، لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای ئێران (ئەرتەش) راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، لە قۆناخی 21ـی ئۆپەراسیۆنی ''هەورەبرووسکە''، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی (ئەلدەوحە)ـی ئەمریکا لە وڵاتی کوێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە هێرشەکە بە درۆن کراوە و ''لە وەڵامی دەستدرێژیی بەردەوامی دووژمن بووە، بۆ سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەمان.''
وەک سوپای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە هێرشە درۆنییەکەدا بۆ سەر بنکەی سەربازیی دەوحە، زیانێکی زۆر بەق کۆگەی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا کەوتووە.
سوپای ئێران هۆشداریش دەداتە ئەمریکا، ''ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوەی هەر جۆرە پیلانگێڕی و سەرکێشییەکی نوێی دووژمن.''
راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران لەکاتێکدایە، لە 11ـم شەوی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زیاتر لە 20 شار بۆردوومان کراون کە بەشێکیان دەکەونە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.



