رووداو دیجیتاڵ
لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و ڤیدیۆکان ئاشکرای دەکات، لە دوو هەفتەی رابردوودا و دوای تێکچوونی ئاگربەستەکە، ئێران هێرشی کردووەتە سەر نۆ پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
راپۆرتەکە دەڵێت، سەرەڕای بانگەشەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت توانا سەربازییەکانی ئێران لەنێوبراون یان کەمکراونەتەوە، بەڵام ئەم هێرشانە دەریدەخەن کە تاران هێشتا توانای پێکانی ئامانجە وردەکانی ماوە.
بەپێی شیکارییەکی نیویۆرک تایمز بۆ وێنەکان، هێرشەکانی ئێران زیانیان بە شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنی سەربازان، پەناگەی درۆنەکان، سیستمی رادار و چەندین پێکهاتەی دیکە گەیاندووە.
لە یەکێک لە هێرشەکاندا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران. بەرپرسێکی سەربازی گوتی، نزیکەی 12 سەرباز بەهۆی هێرشەکانەوە لە ئوردن و وڵاتانی دیکە هێندە بە سەختی بریندار بوون کە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئەڵمانیا.
چوار لەو پێگانەی کە ئەم دواییە کراونەتە ئامانج، لەنێویاندا بنکەی موەفەق سەلتی، پێشتریش لە مانگەکانی سەرەتای شەڕەکەدا لەلایەن ئێرانەوە کرابوونە ئامانج، کە لەو کاتەدا ئێران 18 پێگەی سەربازیی ئەمریکای لە حەوت وڵاتی جیاواز کردنە ئامانج.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵسەنگاندنی زیانەکانی سەر بنکە ئەمریکییەکان قورس بووە، چونکە حکومەتی ئەمریکا داوای لە کۆمپانیاکانی مانگی دەستکرد کردووە وێنەی روونی ئەو ناوچانە بڵاونەکەنەوە بە بیانووی مەترسی بۆ سەر سەربازەکانیان. بەڵام شوێنی بنکەکان ئاشکران و ئێرانيش بە بەردەوامی وێنەی هێرشەکانی وەک بەشێک لە پڕوپاگەندەی خۆی بڵاودەکاتەوە.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە وێنە ئێرانییەکان و بەراوردکردنیان بە وێنەکانی ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەورووپا، هەروەها ڤیدیۆی نێو بنکەکان، زیانەکانی پشتڕاست کردوونەتەوە. کاتێکیش پرسیار لە گوتەبێژی پێنتاگۆن کراوە، رەتیکردووەتەوە لێدوان لەسەر وێنەی مانگە دەستکردەکان بدات بەهۆی "هۆکاری ئەمنیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە."
وردەکاریی زیانەکان بەپێی وڵاتان
📍 ئوردن: جگە لە کوژرانی سێ سەرباز لە بنکەی موەفەق سەڵتی، وێنەکان دەریدەخەن کە هێرشەکان زیانیان بە شوێنی نیشتەجێبوون، دوو شوێنی راگرتنی فڕۆکە و سێ پەناگەی درۆن گەیاندووە. هەروەها هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا حوسێن و دوو بنکەی دیکەی ئاسمانی.
ساتی هێرشکردنە سەر بنکەی موەفەق سەڵتی لە ئوردن. ڤیدیۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
📍 هەرێمی کوردستان: لە هێرشێکدا خێوەتێکی گەورەی سەربازی لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وێران کراوە، کە پێشتریش لە سەرەتای شەڕەکەدا کرابووە ئامانج.
📍 کوێت: سیستمی رادار لە بنکەی ئاسمانیی ئەحمەد جابر لەنێوبراوە، کە تەنیا شەش مانگ بوو دروستکرابوو. هەروەها زیانی کەمتر بەر بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم کەوتووە.
📍 بەحرێن: وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخەن کە دوو هەفتە لەمەوبەر کۆگایەک لە بنکەیەکی دەریایی کراوەتە ئامانج.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە زۆربەی هێرشەکانی سەرەتای شەڕەکە ژێرخانی سەربازییان دەکردە ئامانج، بەڵام هەندێک هێرش شوێنی مانەوەی سەربازانیشی گرتووەتەوە، وەک ئەو هێرشەی مانگی ئادار لە کوێت کە بووە هۆی کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی.



.png&w=3840&q=75)