رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامن. بەگوێرەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و میدیای فەرمیی وڵاتەکە، لە 24 کاژێری رابردوودا چەند خاڵێک لە نزیکەی 20 شار کراونەتە ئامانج. جێگری پارێزگاری خوزستانیش دەڵێت، لانیکەم چوار کەس لە هێرشەکاندا کوژراون.
ئێران شەوێکی سەختی تێپەڕاند و بۆ 13ـیەم شەوی لەسەریەک هێرشکرایە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24-07-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تاران کارا کراوە و ''سەرکەوتووانە'' بەرپەرچی هەندێک تەنی نامۆی داوەتەوە.
دانیشتووانی تارانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاراکرانی سیستمی بەرگریی ئاسمانییان لە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە پشتڕاست کردەوە.
لە ناوچەکانی حەکیمییە و پەردیس دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەوبارەوە، لەلایەن بەرپرسانەوە نەخراوەتەڕوو.
هاوکات میدیای ئێران دەڵێت، لە ناوچەی (سۆزا)ـی سەر بە دوورگەی قیشمی هورمزگان، دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و ئەمریکا بە دوو مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە.
لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی قۆناخی 13ـیەمی هێرشەکانی ئەمریکا، سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پشتڕاستی کردەوە، ناوچەیەک لە سنووری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکە کراوەتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە و سەعید پوورعەلی گوتی: ''هێشتا بەدواداچوونەکانمان بەردەوامن.''
هاوکات لە شاری بروجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستانیش دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بیستراون و میدیا خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن، بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج.
جارێکی دیکە هێرشکراوەتە سەر ناوچەیەک لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی ئەراک. حەسەن قەمەری، جێگری پارێزگاری مەرکەزی رایگەیاند، خاڵێک لە دەرەوەی شاری خونداب کراوەتە ئامانج.
وردەکاریی زیاتری هێرشەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک کە یەکێک لە ستراتیژیترین بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانە، لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە.
هاوکات پڕیشکی هێرشەکان، ناوچەی فیروزئابادی سەر بە پارێزگای فارسیشی گرتەوە. خەڵکی ناوچەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر بەندەری جاسک لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هورمزگان. ئەژانسی هەواڵی فارس دەڵێت، دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە بەندەرەکە بیستراوە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومیی جاسک بە فەرمی هێرشەکەیان پشتڕاست یان رەت نەکردووەتەوە.
هەروەها لە بەندەر عەباسی ناوەندی پارێزگاکەش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە. بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی هورمزگان رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ناوەندی پارێزگا و کارەبای چەند ناوچەیەک بڕاوە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ستوونەکانی کارەبا شکاون و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.
میدیای ئێران لە زاری ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرعەباس، لانیکەم دوو کەس بریندار بوون.
چەند ناوچەیەکیش لە شاری نائینی سەر بە پارێزگای ئیسفەهان بۆردوومان کراون. بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەنارەک لە شارەکە.
لە پارێزگای یەزدیش لە دوو ناوچەی (تەفت) و (شێرکۆ) دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. میدیای ئێران دەڵێت، تەقینەوەکان لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئەمریکادا بووە.
لە ئەندیمێشکی سەر بە پارێزگای خوزستانیش دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. ئەژانسی هەواڵی تەسنیم، تەقینەوەکانی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
هاوکات لە چەند ناوچەیەکی شارەکانی ئەهواز و ئومێدییەی خوزستانیش دەنگی تەقینەوە بیستراوە و میدیا خۆجێییەکان دەڵێن، چەند بنکەی سەربازیی سوپای پاسداران و ئەرتەش کراونەتە ئامانج.
وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی بۆردوومانەکە، هێرشی ئەمریکای بۆ سەر ئەهواز پشتڕاست کردەوە و گوتی، چەند ناوچەیەک بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
وەلیوڵڵا حەیاتی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر شاری ئەهواز، لانیکەم چوار کەس کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
ئەوە لەکاتێکدایە میدیای فەرمیی ئێران، باس لە تەقینەوەی بەهێز لە ناوەندی خوڕەمشاری سەر بە پارێزگاکەش دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانی دیار نین.
جارێکی دیکە لە کونارەک و چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، هێرش کراوەتە سەر تاوەرەکانی پەیوەندی (رادار).
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە هێرشی درۆنی و مووشەکیی سەر وڵاتانی ناوچەکە.


