رووداو دیجیتاڵ
گرووپێک لە پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد سزای لەسێدارەدانی 10 گەنج هەڵوەشێنێتەوە؛ ئەو کەسانە بەهۆی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەتی ئێران لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، دەستگیرکراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم 10 گەنجە بەشێکن لە گرووپێکی 12 کەسی کە تەمەنیان لە نێوان کۆتایییەکانی تەمەنی مێردمنداڵی و سەرەتای بیستەکاندایە؛ رۆژی 19ـی تەممووزی رابردوو 2 کەس لەو گرووپە لەسێدارەدران و ئێستا مەترسیی لە سێدارەدان لەسەر 10 کەسەکەی دیکە ماوە.
ئەو 13 پسپۆڕەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە رێپۆرتنێرە تایبەتەکان و ئەندامانی گرووپی کارکردن لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: "سزادانی 12 کەس بە سێدارە تەنیا لە یەک دانیشتنی دادگەدا، لە ناو ژوورێکی داخراو و بەبێ هەبوونی روونی لەسەر بەرپرسیارێتیی کەسیی هەر تۆمەتبارێک، پێشێلکردنی ستانداردە چەسپاوەکانی دادگەییکردنی دادپەروەرانەیە."
ئەم پسپۆڕانە جەختیان کردەوە ئەوان بە ناوی فەرمیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قسە ناکەن، بەڵام چاودێرییە وردەکانیان نیشانی دەدات کە ئەم گەنجانە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئازادی بێبەشکراون و هەندێکیان رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە.
خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی رۆژانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمی رابردوو، سەرەتا وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەستیان پێکرد، بەڵام دواتر بە تووندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوتکران.
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند زیاتر لە 3000 کەس لەو ئاڵۆزییانەدا کوژراون و تووندوتیژییەکانیان خستە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. لە بەرامبەردا، رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن بەهۆی سەرکوتکارییەکانی حکومەتەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا 24 کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەم لەسێدارەدراون.
ئەو 12 گەنجەی سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە، تۆمەتبارکراون بەوەی لە رۆژی 8ـی کانوونی دووەم لە مەیدانی شەهید عەلێخانی لە شاری ئەسفەهان، دەستیان هەبووە لە کوژرانی چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و سووتاندنی موڵک و ماڵی گشتی.
پسپۆڕەکان دەڵێن ئەم گەنجانە لەسەر بنەمای "دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی" (کە زۆرجار بە زۆر وەردەگیرێت) سزادراون و دەشڵێن: "تۆمەتەکان تاوەکو ئێستا ناڕوونن، چونکە دانیشتنەکانی دادگەی شۆڕش لە پشت دەرگە داخراوەکانەوەن و بڕیارەکانیش بڵاوناکرێنەوە."
بەپێی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران دوای چین زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا جێبەجێ دەکات.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (لە نەرویج) و رێکخراوی دژە سێدارەی (ئی سی پی ئێم) لە پاریس، لە ساڵی 2025دا لانیکەم 1639 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، کە ئەمەش زۆرترینە لە ساڵی 1989ـەوە تۆمارکرابێت.
ئێستا چالاکڤانان دەترسن جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا ببێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا.



