رووداو دیجیتاڵ
قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەبارەی هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر وڵاتەکەیدا و دەڵێت، ئەم هەنگاوە بە واتای "پەرەپێدانی جەنگ"ـە لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-07-2026، قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە درێژەی "شەڕەنگێزییەکانی" لە ناوچەکەدا، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەستی کردووە بە هەڕەشەکردن لە بەلەم، کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی ئەو وڵاتەدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هۆشداری دەدەین کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بە واتای پەرەپێدانی جەنگ لە ناوچەکەدا ئەژمار دەکرێت. هێزە چەکدارەکانی ئێران هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سوپای ئەمریکا بێ وەڵام ناهێڵنەوە."
ئەم گرژییە نوێیەی نێوان واشنتن و تاران دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و موشەکیی ئەمریکا دێت بۆ سەر ئێران، کە بۆ ماوەی 13 شەوی لەسەریەک (لە 12ـی تەممووز تاوەکو 23ـی تەممووزی 2026) بەردەوام بوون. ئەمریکا ئەو کات رایگەیاندبوو کە هێرشەکان وەک وەڵامێک بوون بۆ "پێشێلکردنی ئاگربەست" لەلایەن ئێرانەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، هێرشەکان لە شەوی 24ـی تەممووزەوە راگیراون بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندنە دیپلۆماسییەکان بدرێت. ئێستا بە نێوەندگیریی وڵاتانی عومان، قەتەر و پاکستان، هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە، تاران واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی لە هێرشەکانیدا ژێرخانە سڤیلەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجەکانی "سەربازی و ورد" بوون.




