رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەو وڵاتانەی هاوکاریی ئەمریکا دەکەن و رایدەگەیێنێت، ئەگەر رەفتاری خۆیان چاک نەکەن، وەڵامێکی سەختیان دەدرێتەوە. هاوکات دەشڵێت، رێگرییان لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کردووە لە تەنگەی هورمز.
رۆژی پێنجشەممە، 30ی تەمموزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشە لەو وڵاتانە دەکات، کە لە هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاریی ئەمریکا دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو وڵاتانەی هاوکاریی دەستدرێژیکار دەکەن، ئەگەر رەفتاری خۆیان چاک نەکەن، وەڵامێکی زۆر تووند وەردەگرن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی سوپای پاسداران رێگرییان لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کردووە، کە ویستوویانە بە بێ رێگەپێدانی ئێران بە تەنگەی هورمزدا تێپەرن.
سوپای پاسداران لەوبارەیەوە دەڵێت: "شەوی رابردوو دوو تانکەری نەوتهەڵگر بە هاندانی فڕۆکەکانی ئەمریکا دەیانویست لە رێڕەوێکی نائەمن لە باشووری تەنگەی هورمز تێپەڕن، بەڵام دوای کەوتنەوەی ئاگرێکی بەتین لە یەکێک لە کەشتییەکاندا، هەردوو کەشتییەکە بە خێرایی پاشەکشەیان کرد و بۆ دواوە گەڕانەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە تەنگەی هورمز لە ژێر کونتڕۆڵی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێران دایە و رێگە بە هیچ هێزێکی بیانی نادرێت، دەستوەردان لە ئاسایشی ناوچەکەدا بکات.
سوپای پاسداران هەروەها دەڵێت، تاوەکو هەڕەشەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، تەنگەی هورمز بە رووی هاتووچۆی دەریاییدا ناکرێتەوە. "تەنگەی هورمز تا ئەو کاتەی لێدوانە زیادەڕۆییەکان، هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکی و دەستێوەردانەکانیان لە هاتوچۆی دەریایی ناوچەکەدا بەردەوام بێت، ناکرێتەوە؛ هەڕەشەکردن و دەستێوەردانەکانیش دۆخەکە سەختر و ئاڵۆزتر دەکەن."
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشێکی چڕی کردە ئێران و بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران چەندین شوێن لە پارێزگاکانی هورمزگان، خوزستان، بووشێهر و فارس بۆردوومان کراون.



