رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە جێگیرکردنی فڕۆکەی ئەمریکا لە بولگاریا رەخنەی تووند لە حکومەتی وڵاتەکە دەگرێ و هەڕەشەش دەکات: ''هەر لایەنێک بە هەر شێوەیەک بەشداریی هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکەمان بکات، بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامەکانی.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-07-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤێلیسلاڤا پێترۆڤا، هاوتا بولگارییەکەی، رەخنەی لە رەزامەندیی حکومەتی ئەو وڵاتە گرت، بۆ داواکارییەکەی ئەمریکا بە مەبەستی جێگیرکردنی فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر لە بنکەی ئاسمانیی (بێزمەر).
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرکۆنەی بڕیارەکەی بولگاریای کردووە و بە ''قبووڵنەکراو و پێچەوانەی پەیوەندییە دێرین و دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات'' ناوی بردووە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە هاوتا بولگارییەکەی کردووە ''بەپەلە'' پێداچوونەوە بە بڕیاری رەزامەندیی جێگریکردنی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە بنکە ئاسمانییەکە بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە مادەی 3ـی بڕیارنامەی 3314ـی نەتەوە یەکگرتووەکانیش گوتی: ''تەرخانکردنی خاکی وڵاتێک بۆ بەکارهێنانی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر وڵاتی سێیەم بە دەستدرێژی دادەنرێ".
عەباس عێراقچی پەیامێکی هەڕەشەئامێز ئاراستەی بولگاریا دەکات و دەڵێت: ''تاران لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکدا دوودڵ نابێت و هەر لایەنێک بە هەر شێوەیەک بەشداریی هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکەمان بکات، بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامەکانی.''
22ـی تەممووزی 2026، پەرلەمانی بولگاریا بە زۆرینەی دەنگ رێگەپێدانی جێگیرکردنی کاتیی هەشت فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکای لە بنکەی سەربازیی بێزمەر پەسندکرد.



