رووداو دیجیتاڵ
دوای بانگەشەیەک بۆ کوشتنی خانمی یەکەمی ئەمریکا، سەرجەم هەژمارەکانی ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داخران. ئاژانسەکە داخستنی هەژمارەکانی بە "دووژمنکارانە" دەزانێت و دەڵێت، بەدواداچوون بۆ کردنەوەیان بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 30-07-2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، سەرجەم هەژمارەکانی ئاژانسەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، عەرەبی و عیبری داخران.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی هەژمارەکانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئێکسەوە "دووژمنکارانە" و "بێ هیچ روونکردنەوە"ـیەک بووە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە.
هەژماری فارسیی ئاژانسی تەسنیم لە ئێکس، بە نزیکەی 410 هەزار فۆڵۆوەرزەوە لە پڕبینەرترین هەژماری ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران لە تۆڕی ئێکس دادەنرا و هەژمارە عیبرییەکەشی تاکە هەژماری عیبری بوو لەنێو ئاژانسە ئێرانییەکان.
لە راگەیێندراوی ئاژانسەکەدا هاتووە، بەدواداچوون بۆ کردنەوەی هەژمارەکان بەردەوامە، "بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە لەبارەی هۆکاری هەنگاوە دووژمنکارانەکەی دژی تەسنیم نەدراوە."
داخستنی هەژمارەکانی تەسنیم لە ئێکس لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 27ـی تەممووز، ئاژانسەکە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە کۆمەڵێک زانیاری سەبارەت بە "مۆڵە دڵخوازەکان"ـی مێلانیا ترەمپ، هاوژینی سەرۆکی ئەمریکای تێدابوو، داوای لەو کەسانە کرد کە بە "ئازادیخوازانی جیهان" ناوی بردوون، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە کاتی سەردانیکردنی ئەو مۆڵانە بکوژن.
ئەو ئاژانسە هەواڵییەی نزیک لە سوپای پاسداران لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەدا داوای لەو کەسانە کردووە، بە دامەزرانیان لە مۆڵە دڵخوازەکانی مێلانیا ترەمپ، لە ئەگەری کڕینی ئۆنلایندا، کەلوپەلەکانی خانمی یەکەمی ئەمریکا بە "مادەی کوشندە" ژەهراوی بکەن.



