رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەمریکا و هاوبەشانی تێگەیشتوون کە تابووتەکانیان بەشێک دەبن لە کەرەستەی پێویستیان لە ناوچەکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 31-07-2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ''ئەمریکییەکان و بەکرێگیراوەکانیان لە ناخەوە تێگەیشتوون کە تابووتەکانیان بەشێکن لە کەلوپەلی پێویست لە ناوچەکەدا.''
عەلی عەبدوڵڵاهی ئاماژەی بە گوتەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کرد سەبارەت بە ئەمریکا و گوتی: ''سەردەمی لێدان و هەڵاتن کۆتایی هاتووە''.
قسەکانی فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لەکاتێکدان، لە رۆژانی رابردوودا ئەمریکا بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر ئێران و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەش بە مووشەک و درۆن وەڵامیان داوەتەوە، ئەوەش مەترسیی گەڕانەوە بۆ جەنگێکی گشتگیر و فراوانبوونی زیاتری لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئێران رایگەیاند مووشەکی بالیستی ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی 'موەفەق'ـی لە ئوردن کردووە کە ناوەندێکی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، مووشەکەکان تێکشکێنراون، هەروەها سعودیە بەشداربوو لەگەڵ ئەمریکا لە لێدانی چەندین شوێنی لۆجستی و چەکی گرووپەکان لە عێراق.
ئەم یەکەم هێرشە هاوبەشەی ئەمریکا و سعودیە کە بە ئاشکرا راگەیێندرا، دوای هێرشی درۆنی بۆ سەر شانشینەکە هات، ئەمەش ململانێکەی ئاڵۆزتر کردووە کە ئێستا نزیکەی هەموو وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.



