رووداو دیجیتاڵ
مەدرید رایگەیاند، سەرباز رەوانەی سیوتا دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، دوای ئەوەی هەزاران کۆچبەر لە مەغریبی دراوسێیەوە چوونە نێو ناوچە دابڕاوەکەی ئیسپانیا لە باکووری ئەفریقا و هەزارانی دیکەش بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتوون.
نێردەی حکومەتی ئیسپانیا لە ناوچەکە راگەیاند، تەرمی نۆ کۆچبەر دۆزراونەتەوە کە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە سیوتا لە رێگەی مەلەکردنەوە، گیانیان لەدەستداوە.
کۆچکردن لە مەغریبەوە بۆ نێو هەردوو ناوچە ئیسپانییەکەی باکووری ئەفریقا، سیوتا و مێلیلیا، لە کۆنەوە بابەتێکی هەستیاری سیاسی بووە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، چونکە جاروبار هەزاران کەس لە سنوورەکە دەپەڕنەوە.
رۆژی پێنجشەممە ئیتاڵیا داوای کرد ئیسپانیا لە ناوچەی شنگنی ئەورووپا (کە گەشتی بێ ڤیزەیە) سڕ بکرێت، ئەمەش بووە هۆی کاردانەوەی تووندی ئیسپانیا و باڵیۆزی ئیتاڵیای لە مەدرید بانگهێشت کرد.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکان پاسەوانی مەدەنی بەهێز دەکەن لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانیاندا و هەر کارێکی دیکەی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش لە شاری سیوتا."
وەزارەتەکە دیاری نەکردووە چەند سەرباز رەوانەی ئەو ناوچە بچووکە دەکرێن، بەڵام گوتی، ژمارەی پاسەوانی مەدەنی لەوێ بۆ نزیکەی دوو هێندە زیاد دەکرێت لە ئاستی ئێستای کە 80 کەسە. هەروەها تیمی غەواس و کەشتیی پاسەوانی کەناراوەکانیش دەنێردرێن.
ئیتاڵیا: ئیسپانیا هەڵەیە
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: "من لەگەڵ داخستنی ناوچەی شنگنم لەگەڵ ئیسپانیا"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆچی نایاسایی و کۆنتڕۆڵنەکراو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی (ئیتاڵیا) دروست دەکات."
تاجانی گوتیشی: "ئەو دیمەنانەی لە سیوتاوە دێن، دەریدەخەن کە چۆن بڕیاری حکومەتی مەدرید بۆ پێدانی وڵاتینامەی ئیسپانی و لە ئەنجامدا ئەورووپی، بە زیاتر لە 500 هەزار کۆچبەری نایاسایی زۆر هەڵەیە و هانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەدات."
خۆسێ لویس ئەلبێریس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، وەڵامی دایەوە و تاجانی تۆمەتبار کرد بەوەی کۆچ وەک چەک بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنێت؛ گوتیشی ئەم جۆرە قسانە "نەگونجاوە" بۆ "وڵاتێکی هاوبەش و دۆست کە چاوەڕوانی هاوسۆزیی ئەورووپیمان لێ دەکرد نەک چەواشەکاریی."
خوان ڤیڤاس، سەرۆکی ئیسپانیی سیوتا، رۆژی چوارشەممە گوتی هەزار و 500 کۆچبەر لە چەند رۆژی رابردوودا لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ناوچە دابڕاوەکە. ئەو بە تەلەفزیۆنی ئیسپانیای راگەیاند، سیوتا "چی دیکە جێگەی کەسی تێدا نەماوەتەوە."
کۆبوونەوە لە مەغریب
کۆچبەران بە شەقامەکانی سیوتادا دەڕۆشتن و سوپاسی پۆلیسی ئیسپانیایان دەکرد و هاواریان دەکرد: "بای بای مەغریب، سڵاو ئیسپانیا."
پۆلیس و پاسەوانی مەدەنی لە سیوتا وا دیار بوو دەستوەردانی کەمیان دەکرد، هەرچەندە هەندێک ئەفسەر هەوڵیان دەدا گەیشتووەکان ئاراستەی سەنتەری پێشوازیکردنی کۆچبەرانی ناوخۆیی بکەن.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە ئێکس بڵاویکردەوە، حکومەتەکەی "سەرنجی لەسەر دابینکردنی وەڵامێکی خێرا بۆ قەیرانی سیوتایە"؛ گوتیشی: "هەموو سەرچاوە پێویستەکان دەخەینە گەڕ، لەگەڵ مەغریب و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەین و رێکاری پێویست دەگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی باری ئاسایی لە زووترین کاتدا."
حکومەتی هەرێمی سیوتا لە بەیاننامەیەکدا گوتی، سانچێز قسەی لەگەڵ ڤیڤاس کردووە و ئەویش "بە روونی و راشکاوی تەواوەوە سەختیی بارودۆخەکەی" بۆ باسکردووە. بەیاننامەیەکیش لە وەزارەتی ناوخۆوە دەڵێت، فێرناندۆ گرانیدێ-مارلاسکا، وەزیری ناوخۆ رۆژی هەینی دەچێتە سیوتا بۆ "چاودێریکردنی بارودۆخەکە".
رکاابەرە راستڕەوەکانی سانچێز دەستبەجێ رۆژی پێنجشەممە گوشاریان خستە سەری سەبارەت بە گەیشتنی کۆچبەران. ئەلبێرتۆ نونێز فەیخۆ، سەرۆکی پارتی گەلی ئۆپۆزسیۆن لە ئێکس نووسی، "نابێت حکومەت خۆی لە ئەرکەکانی بدزێتەوە چونکە ئێمە رووبەڕووی قەیرانی ئاسایشی نیشتمانی بووینەتەوە."
سانتیاگۆ ئەباسکال، سەرۆکی پارتی راستڕەوی تووندی ڤۆکس، سانچێزی بە کەسی بەرپرسیار زانی لە لێشاوی کۆچبەران بۆ ناو سیوتا. سیوتا و مێلیلیا تەنیا دوو سنووری وشکانی ئەورووپان لەگەڵ ئەفریقا.



