رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە سعودیە و دەڵێت، هەر جۆرە هاوکاریکردنێکی ئەمریکا و بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگدا، رووبەڕووی "وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و گونجاو"ی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەبێتەوە.
شەوی شەممە 01-08-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەل بن فەرحان، هاوتا سعودییەکەی، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی خستووەتەڕوو کە تێیدا هاتووە، عەباس عێراقچی هۆشداریی داوە لەبارەی ئەوەی بە "بەردەوامیی پیلان و ئاژاوەگێڕی"ـی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵیاندا ناوی بردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ بەرگریکردن، ''بۆیە هەر جۆرە بەشداریکردنێکی وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگدا رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و گونجاو دەبێتەوە.''
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی تاران لە کاتێکدان ناوچەکە لە قۆناخـێکی زۆر هەستیاردایە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێران زۆرە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی، واشنتن و تەلئەڤیڤ لەسەر دواخستنی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران رێککەوتوون، بەو مەرجەی بە زووترین کات رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی پێنج مانگەی نێوانیان واژۆ بکرێت.
وەک ترەمپ دەڵێت، پێویستە رێککەوتنەکە ''کردنەوەی دەستەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران'' لەخۆ بگرێت.



