رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی ناوچەکە و تاران، هێرشەکەی سەر ئێران رادەگرێ، میدیای فەرمیی وڵاتەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانەوە رەتی کردەوە هیچ داوایەک لەوبارەوە لە ترەمپ کرابێت و قسەکانی بە ''بانگەشەیەکی درۆ'' ناوبرد.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی، لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوای لێکراوە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی رابگرێ تاوەکو دەرفەت بۆ رێککەوتن بڕەخسێت.
هەر دوای راگەیاندنی راگرتنی هێرشەکە، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاوی کردەوە، بانگەشەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەوەی ئێران داوای راگرتنی هێرشەکانی کردبێت ''درۆیەکی نوێ و هەوڵێکی بێسوودە، بۆ باج وەرگرتن'' لە وڵاتانی کەنداو.
ئەو سەرچاوەیە سەربازییە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ''ئەمریکا بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی یان پاشەکشە بکات، هێزەکانمان لەوپەڕی ئامادەییدان و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە.''
ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی بۆ میدیای وڵاتەکەی خستووەتەڕوو، ئەگەر لەنێوان ئێران و ئەمریکا جەنگ هەڵگیرسێتەوە، ''ئەوە گۆڕەپانی جەنگ یەکلاییکەرەوە دەبێ و ئەو کاتە هەمووان دەزانن کێ خاوەنی دەسەڵاتە و قسەی کۆتایی دەکات.''
قسەکانی ئەو سەرچاوەیە سەربازییە لەکاتێکدان، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ترەمپدا هاتووە، مەرجی راگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران ئەوەیە کە رێککەوتنێک بکرێ بۆ کردنەوەی ''دەستەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکان''ـی ئێران.



