رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باس لە یەکەم ساتەکانی دوای کوژرانی رێبەری پێٍشووی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: ''ئەگەر داوامان لە خەڵک نەکردبووایە بێنە دەرەوە، لەوانە بوو شەقام ئاراستەیەکی جیاوازی گرتبا.''
رۆژی شەممە 01-08-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی وردەکاریی نوێی سەبارەت بە یەکەم ساتەکانی هێرشەکەی 28ـی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە لە تاران خستەڕوو.
بەگوتەی محەممەدباقر قالیباف، کاژێرێک دوای هێرشەکە لە کوژرانی خامنەیی ئاگادار بوونەتەوە، ''بەڵام لەگەڵ سەرۆکایەتیی دەسەڵاتەکان توانیمان کاژێر 20:00ـی شەو کۆببینەوە''.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە ساتی راگەیاندنی هەواڵی کوژرانی خامنەیی کرد و گوتی: ''لە کۆبوونەوەی 20:00ـی شەودا شەش یان حەوت کەس بووین، بڕیارمان دا 08ـی بەیانی هەواڵی شەهیدبوونی رێبەر رابگەیێنین، بەڵام دواتر میدیاکانی دژبەر، نزیک کاژێر 01:00ـی شەو هەواڵەکەیان راگەیاند، ئێمەش هەموو بڵاوەمان کردبوو، بۆیە تەنیا من و بەڕێز لاریجانی (سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران) کە لە پەیوەندیدا بووین، بە هاوبەشی بڕیارمان دا لەکاتی پاشیڤدا هەواڵەکە رابگەیێنین.''
زیاتر لە 150 شەوی لەسەریەکە، لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داوای بەرپرسانی وڵاتەکە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی و پاڵپشتی لە حکومەت دەڕژێنە سەر شەقامەکان.
لە بەشێکی قسەکانیدا قالیباف ئاماژە بە هۆکاری ئەو بانگەوازییە دەکات کە دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی 28ـی شوبات ئاراستەی لایەنگرانی حکومەتیان کرد، بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان و دەڵێت: ''دۆخەکە ئاڵۆز بوو، رێبەر شەهید ببوو و هێشتا ئەنجوومەنی رێبەری هەڵنەبژێردرابوو، لەوانە بوو ئاراستەی شەقام بگۆڕدرێت، بۆیە هەر ئەو کات بە بەرپرسیارێتیی خۆمان (لەگەڵ لاریجانی) بڕیارمان دا داوا لە خەڵک بکەین بێنە سەر شەقامەکان.''
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێیوایە، رژانە سەر شەقامی لایەنگرانی حکومەت، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بووە و ''ئەگەر خەڵک لە رۆژی شەهیدبوونی رێبەر نەهاتبووانە دەرەوە، لەوانە بوو ئاراستەیەکی جیاوازی شەقاممان بینیبووایە.''
قالیباف ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر چوار ''گۆڕەپان'' بەردەوامە کە بریتین لە ''گۆڕەپانەکانی سەربازی، دیپلۆماسی، خزمەتگوزاری و شەقام''، هۆشداریشی دا لە جیاکردنەوەی نێوانیان و گوتی: ''جیاکردنەوەی ئەم گۆڕەپانانە بە واتای لاوازکردنی ئێران دێت و پێویستە پێکەوە و هاوئاهەنگ کار بکەن.''
28ـی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە، لە هێرشێکدا بۆ سەر شوێنی مانەوەی لە تاران کوژرا.
رۆژێک دواتر، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە رایگەیاند، بەگوێرەی مادەی 111ـی دەستوور، ئەنجوومەنی رێبەری هەڵبژێردراوە و دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە.
پاشان 9ـی ئادار، بە تێکڕای دەنگی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری پێشووی ئێران وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.


