رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، "هەر هەڕەشەیەک، لەوانەش لێدوانەکانی ئەم دواییەی دووژمن، بە هەند و راستەقینە دەزانین". دەشڵێت، "هەڕەشە دەکەینە بنەمایەک بۆ زیادکردنی ئامادەکاری، بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە و بەرزکردنەوەی هێزی خۆمان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، مەجید ئیبنولڕەزا گوتی: "لێدوانەکانی ئەم دواییەی دووژمن (ئەمریکا)، ئەگەرچی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دەروونی و جەنگی لێکدوانەوەدا دەخرێنەڕوو، بەڵام لە روانگەی ئێمەوە هەر هەڕەشەیەک، هەڕەشەیەکی راستەقینە و شایانی بایەخپێدانە."
مەجید ئیبنولڕەزا گوتی: "نە تووشی شڵەژان دەبین و نە دەستەوەستان دەبین؛ هەڕەشە دەکەینە بنەمایەک بۆ زیادکردنی ئامادەکاری، بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە و بەرزکردنەوەی هێزی خۆمان."
مەجید ئیبنولڕەزا بووەتە جێگرەوەی عەزیز نەسیرزادە، وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران کە لە یەکەم رۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا لە 28ی شوباتی 2026ـەوە کوژرا.
لێدوانەکانی سەرپەرشتیاری وەزارتی بەرگریی ئێران دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی، 31ی تەمموزی 2026 لە کاتی تاوتوێکردنی پلانی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران کە رۆژی یەکشەممە راگرتنی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا گوتبووی: "ئێمە زۆر بە تووندی لێیان دەدەین. لە قۆناخێکدا دەڵێن: چیدیکە ناتوانین بەرگە بگرین."
.jpg&w=3840&q=75)


