رووداو دیجیتاڵ
کەشتییەکی بارهەڵگری هیندستانی لە دەریای سوور کرایە ئامانج و نوقم بوو. پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن لە شاری موخا رزگارکردنی تەواوی ستافی کەشتییەکەیان راگەیاند و هیندستانیش هێرشەکە سەرکۆنە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی خۆجێیی لە شاری موخای یەمەن رایگەیاند، کەشتیی (MSV Faize Noore Oliya) کە ئاڵای هیندستانی هەڵکردبوو، لە باشووری شاری حودەیدە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە نوقم بوو.
ئاژانسی (سەبا)ـی فەرمیی حکومەتی دانپێداندراوی یەمەن لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، حووسییەکان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حووسییەکان لە مانگی رابردووەوە گەمارۆیەکی دەریاییان لە دەریای سووردا دژی سعوودیە راگەیاندووە.
سارباناندا سۆنۆواڵ، وەزیری کەشتیوانیی هیندستان لە پلاتفۆرمی ئێکس گوتی: "کەشتییەکە لە نزیک ئاوەکانی یەمەن بە تەنێکی نەناسراوە پێکراوە. هیندستان بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە بێ پاساوە دەکات."
راندیر جایسواڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان گوتی: "دەبێت بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا کۆتایی بێت."
ستافی کەشتییەکە لە 14 کەس پێکهاتبوون، کە 13یان هاووڵاتیی هیندستان و یەکێکیان یەمەنییە. هەموویان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکان یەمەن رزگارکراون و گەیێندراونەتە بەندەری موخا.
هیندستان یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی هێزی کار لە کەرتی کەشتیوانیدا و زیاتر لە 320 هەزار دەریاوانی چالاکی هەیە.
ئەم ئاڵۆزییانەی دەریای سوور لە کاتێکدان، بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، گرنگیی رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور بۆ بازرگانیی جیهانی زیاتر بووە، بەتایبەت بۆ سعودیە کە لە رێگەی بەندەری یەنبوعەوە هەوڵ دەدات نەوتەکەی بگوازێتەوە بێ ئەوەی پێویستی بە تەنگەی هورمز بێت.



.jpg&w=3840&q=75)