رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تارانیان تاوتوێ کرد.
رۆژی سێشەممە، 4ی ئابی 2026، دیوانی میری قەتەر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەردەوام بۆ قەیرانەکان کردەوە. دۆناڵد ترەمپ ستایشی رۆڵی قەتەری کرد لە پشتگیریکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، کە دەبێتەهۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
پابەندی بە لێکتێگەیشتنەکان
میری قەتەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە پێویستیی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان کردەوە بەو بڕگانەی کە لە چوارچێوەی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران" لەسەری رێککەوتبوون و پشتگیریکردنی دەسپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان.
هەرچەندە بەرپرسانی تاران دەڵێن، لە مانگی نیسانەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان نەبووە، بەڵام لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری گەنجینەکەی ئاماژەن بۆ ئەوەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکان بە تایبەت لە رێگەی قەتەرەوە خەریکی داڕشتنی کۆتایی رێککەوتنێکن.
هەوڵەکان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز
دەوحە کە یەکێکە لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئێستا تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگی ئێران. ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئێستا سەرنجمان لەسەر رێگرییە لە زیادبوونی گرژییەکان، کردنەوەی تەنگەی هورمز و کردنەوەی دەرگەی دیپلۆماسییە لەنێوانیان."
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی گەشبینانەی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە رایگەیاند، "ئەگەری هەیە سبەی (چوارشەممە) لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن لەبارەی تەنگەی هورمز." بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە "دەستەبەرکردنی ئازادیی جووڵەی کەشتییەکانە."
زیانە ئابوورییەکان و هەڵوێستی تاران
داخرانی تەنگەی هورمز زیانی گەورەی بە بازاڕی وزەی جیهانی گەیاندووە. بەگوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، پێش جەنگی ئێران رۆژانە 120 کەشتی نەوتهەڵگر بەو تەنگەیەدا تێپەڕ دەبوون کە 20٪ی نەوتی جیهانە، بەڵام ئێستا هەناردەکە بە رێژەی 95٪ کەمی کردووە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەمڕۆ رایگەیاند: "دانوستانەکان لە تەنگەی هورمز بە سەرنجدان لەسەر دیاریکردنی ڕێڕەوێکی ئارامی هاتووچۆ بۆ کەشتییەکان بەردەوامن؛ ڕێڕەوێک کە وێڕای دابینکردنی مافە سەروەریییەکان، ڕەچاوی ئاسایشی نیشتمانیی هەردوو وڵاتی ئێران و عومانیش بکات."
.jpg&w=3840&q=75)


