رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی رەزامەندی لەسەر ئەو راگەیێندراوە نیشان نەداوە کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە سەبارەت بە پلانی ئاشتی بۆ غەززە بۆیان نێردراوە. نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ پاشەکشەیەک لە هێڵەکانی ئێستای جەنگ روونادات تاوەکو بزووتنەوەی حەماس بە تەواوی لەنێونەبردرێ.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا لە تەلئەڤیڤ سەبارەت بە راپۆرتێک لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، نەتەنیاهوو سێ خاڵی سەرەکی وەک هەڵوێستی وڵاتەکەی خستەڕوو:
یەکەم: سووربوون لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکان
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە لە هێڵەکانی ئێستامان ناکشێینەوە تاوەکو حەماس بە تەواوی لەنێونەبردرێ"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
دووەم: رێنمایی بۆ سوپای ئیسرائیل
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، فەرمان دراوە بە سەربازانی سوپای ئیسرائیل بۆ ئەوەی هەرچی پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، پاراستنی خاکی ئیسرائیل و هاووڵاتییانیان.
سێیەم: ناکۆکی لەگەڵ پێشنیازەکەی ترەمپ
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، نەتەنیاهوو گوتی: "سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی پێیان وایە دەتوانن حەماس ناچار بکەن لە هێڵەکانی بکشێتەوە و غەززە چۆڵ بکات، ئێمە ئێستا وردبینی لەم زانیارییانەدا دەکەین."
نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ نووسراوێکی بۆ ناردوون، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە و گوتی: "ئێمە لەسەری رازی نەبووین. ئێمە بەرلەوەی هیچ دەقێکی میدیایی بڵاوببێتەوە، راگەیێندراو و هەڵوێستی فەرمیی خۆمان بۆ ناردوون."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەوەستێت و ئەم هەڵوێستەیشی بە "گونجاو و پێویست" ناوبرد.
راگەیێندراوەکەی ئەمریکا چی تێدا بوو؟
رۆژی هەینی، 31ی تەممووزی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ نووسی: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاشتی گەیشتە رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی حەماس و هەموو گرووپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە. ئەمە هەنگاوێکی مەزنە بەرەو ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی چەکداماڵینەکە بە چەند قۆناخێکی "ورد و پلان بۆ داڕێژراو" جێبەجێ دەکرێ.
بەپێی پلانی راگەیێندراو، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی چەکداماڵین، هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکشێنەوە و "هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری" لەگەڵ هێزێکی نوێی پۆلیسی فەلەستینی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەگرنە ئەستۆ. ترەمپ لەم چوارچێوەیەدا سوپاسی میسر، قەتەر و تورکیای کرد بۆ رۆڵی نێوەندگیرییان.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پرسی چەکداماڵینی حەماس یەکێکە لە ئاڵۆزترین کۆسپەکانی بەردەم رێککەوتنی ئاگربەست کە لە مانگی تشرینی یەکەمی پارەوە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەیە.
حکومەتی تەکنۆکرات و تەقاندنەوەی تونێلەکان
پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی ئاماژە بەوە دەکات، لە قۆناخی گواستنەوەی دوای جەنگدا "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" کە لە کۆمەڵێک کەسی تەکنۆکرات پێکدێ، کاروباری رۆژانەی غەززە بەڕێوە دەبات.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار رۆژی هەینی رایگەیاند، پڕۆسەکە هیچ جیاکارییەک بۆ چەک یان کەسەکان ناکات و دروشمی "یەک دەسەڵات، یەک یاسا و یەک چەک" جێبەجێ دەکرێ. هەروەها پلانەکە پڕۆسەیەک دەگرێتە بەر بۆ نەهێشتنی تونێلەکان، کۆگاکانی چەک و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک لە غەززە.
دوای راگەیێندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، حەماس لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تاوەکو ئیسرائیل پابەندی ئاگربەستەکانی پێشوو نەبێت ئەوا ئامادەنین چەک دابنێن.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی حەماس، ئیسرائیل لە هەندێک لە ناوچەکانی ئیسرائیل نەکشاوەتەوە کە بە گوێرەی راگەیێندراوەکانی پێشوو دەبوو بکشێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
