رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، پێی باشترە لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت لەبری ئەوەی وڵاتەکە وێران بکات، بەڵام هۆشداریش دەدات، ئەگەر پێویست بکات ئامادەن هێرش بکەن. هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، لەنێو ئیدارەکەیاندا یەکدەنگن و بە هەموو ئامرازێک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. رۆژی پێنجشەممە 06-08-2026 دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران ویستوویەتی دانوستاندن بکات و لە ئێستاشدا ئەوە دەکەن، کە پێدەچێت بەباشی بەڕێوەبچێت. ترەمپ دەڵێ: "ئەوان تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان تکایە هێرش مەکە و با قسە بکەین، چونکە نەیاندەویست رووبەڕووی گەورەترین هێرش ببنەوە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە." سەرۆکی ئەمریکا روونیشیکردەوە، رەنگە گفتوگۆکان سەربکەون یان شکست بهێنن، بەڵام گوتی: "پێم باشترە رێکبکەوم چونکە نامەوێت خەڵک بکوژم و هەموو شتێک وێران بکەم. لە قۆناخێکدا ئێمە بۆ گەورەترین هێرش بەتەواوی ئامادە بووین و لە چەند مانگی رابردووشدا زۆر بە تووندی لێمان داون." سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، هەرکە دۆخی ئێران کۆتایی بێت، نرخی نەوت و بەنزین زۆر دادەبەزێت و دەڵێت ئەمە وەک "پەرجوو" وایە کە لە ماوەیەکی کورتدا شتێکیان تەواو کردووە. ترەمپ دەڵێ: "نەوت بۆ 75 دۆلار دابەزیوە و خەریکە زیاتریش دادەبەزێت. کاتێک نەوت و بەنزین دادەبەزێت، هەموو شتەکانی دیکەش بەدوایدا دادەبەزن. کارێکی زۆر باشمان کردووە لە کەمکردنەوەی نرخەکان و چارەسەرکردنی ئەو هەڵاوسانە خراپەی بۆمان مابووەوە کە سەرلێشێواوییەکی گەورە بوو، ئەمەش کارێکی باوەڕپێنەکراوە لە دووبارە گێڕانەوەی رێز و سەرکەوتن بۆ وڵاتەکەمان." لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە نییە و لەنێو ئیدارەکەدا یەکگرتوون. ڤانس گوتی: "سەرجەم ئامرازە سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان بەکاردەهێنین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لەگەڵ ئێران، رێگەش نادەین ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەمەش نرخی وزە دادەبەزێت و ئێمە لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەبین." جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو رژێمی ئێراندا کەسانێک هەن دەیانەوێت جەنگ کۆتایی بێت و تووندڕەوانیش دەیانەوێت بەردەوام بێت. ئەو پێیوایە "ئێرانییەکان کەللـەڕەقن و رژێمەکە درزی تێکەوتووە، ئەرکی ئێمەش بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامە بۆ گەلی ئەمریکا." سەبارەت بە دیداری ئەم دواییەیان لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڤانس رەتیکردەوە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک روویدابێت و رایگەیاند: "گفتوگۆیەکی باش و راشکاوانەمان هەبوو. ئیسرائیل هاوبەشێکی مەزنە و وەک سەرجەم هاوپەیمانەکانی دیکەمان، هەندێک جار هەڵوێستی جیاوازمان هەیە." ڤانس باسی لەوە کرد، ئەرکی ئەو کارکردنە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانیش بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆ دەکەن.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست06-08-2026دزەکردنی نەوت لە کەشتییەکەوە لە کەناراوەکانی عومان مەترسیی کارەساتێکی ژینگەیی دروستکردووە