رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای خستە سەر چەندین پلاتفۆرم و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ)، کە گوایە ئێران بۆ سپیکردنەوەی ملیاران دۆلار و پارەدارکردنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان بەکاریهێناون.
ئەمریکا دەڵێ، ئێران بۆ رزگاربوون لەو گەمارۆیە ئابوورییە تووندەی لەسەریەتی، پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانەی دراوی دیجیتاڵی کە لە جیهاندا مۆڵەتیان نییە یان کەمترین چاودێرییان لەسەرە. ئەمەش لەرێگەی تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیای وەهمی و تەنانەت بەکارهێنانی ماڵپەڕەکانی گازینۆ و قومارکردنی سەر ئینتەرنێتەوە کراوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "پشتبەستنی رژێمی ئێران بە دراوی دیجیتاڵی و سیستمی بانکیی سێبەر، بەڵگەی ئەوەیە کە هەڵمەتی (تووڕەیی ئابووری) کاریگەری هەبووە، ئینجا بە دۆلار بێت، ریال یان کریپتۆ. وەزارەتی گەنجینە رووبەڕووی ئەو تۆڕە داراییە نایاساییانە دەبێتەوە و لەنێویان دەبات کە رژێمی ئێرانیان لەسەرپێ هێشتووەتەوە."
لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاداشتێکی تاوەکو 15 ملیۆن دۆلاری راگەیاند بۆ هەر کەسێک کە زانیارییەک بدات ببێتە هۆی تێکدانی تۆڕە داراییەکانی سوپای پاسداران.
کێ و کام کۆمپانیا سزادراون؟
سیاوەش کەیڤانپوور، هاووڵاتییەکی ئێرانییە کە وڵاتینامەی دۆمینیکا و ئەفغانستانیشی هەیە و لە ئیمارات دەژی. ئەو هاووڵاتییە لە چەندین وڵاتدا تۆڕێکی گەورەی بۆ مامەڵەی نایاسایی بە دراوی دیجیتاڵی دروستکردووە.
کەیڤانپوور لە رێگەی کۆمپانیای (SHPS Shelbit) کە لە جۆرجیا تۆمارکراوە، پلاتفۆرمێکی ئاڵوگۆڕی دراوی بە ناوی (Shelbit Exchange) بەڕێوەبردووە و دەرکەوتووە کە هەژمارە دیجیتاڵییەکانی سوپای پاسداران زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەم پلاتفۆرمە ناردووە و لە بەرامبەریشدا پلاتفۆرمەکە زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری بۆ سوپای پاسداران ناردووەتەوە. هەروەها کەیڤانپوور زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری بۆ پلاتفۆرمی (نۆبیتێکس - Nobitex) ناردووە کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە سزادراوە.
ماڵپەڕەکانی قومارکردن
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، پلاتفۆرمی (Shelbit) کاری بۆ ماڵپەڕێکی گەورەی قومارکردنی سەر ئینتەرنێت بە زمانی فارسی کردووە، کە لەلایەن دوو کەسایەتیی ئێرانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێ و لە دەرەوەی ئێران شاهانە دەژین.
ئەو دوو کەسە دەیان ملیۆن دۆلاریان لەرێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە سپی کردووەتەوە. ئەگەرچی ئەم دوو کەسە لە ساڵی 2023 لە ئێران بە تاوانی قومارکردن سزادراون، بەڵام هێشتا ماڵپەڕەکانیان دەتوانن سیستمی پارەدان و بانکیی ناوخۆی ئێران بەکاربهێنن.
کۆمپانیاکانی دیکەی کەیڤانپوور: ئەمریکا چەندین کۆمپانیای دیکەی سەر بە کەیڤانپووری سزاداوە، لەوانە:
• کۆمپانیای (Shelbit General Trading) لە ئیمارات.
• کۆمپانیای (Shelbit Technologies) لە پۆڵەندا.
• کۆمپانیاکانی (Crypto Home) و (NFT Home) لە ئیمارات.
پلاتفۆرمی ئابان تێزەر (Aban Tether): ئەمەش پلاتفۆرمێکی دیکەی دراوی دیجیتاڵییە لە نێوخۆی ئێران کە سزادراوە، چونکە مامەڵەی بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆ ئەو پلاتفۆرمانە کردووە کە پێشتر ئەمریکا سزای دابوون (وەک: نۆبیتێکس، واڵێکس، بیتپین و رەمزینێکس).
بەهۆی ئەم سزایانەوە، تەواوی پارە و سامانی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لە ئەمریکا سڕدەکرێن و هیچ هاووڵاتی، کۆمپانیا یان بانکێک بۆی نییە مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای قورسی فیدراڵی دەبنەوە.

.webp&w=3840&q=75)
