رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر (رێککەوتنی مەککە) پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی ئێران کرد و رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە تەنیا پشت بە خۆمان ببەستین و رێبازی برایەتیی راستەقینە بگرینەبەر".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی لە جەنگی چەند مانگی رابردووی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و نووسی، "هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران ئامادەیی، توانا و دەسەڵاتی خۆیان لە بەرامبەر پێشکەوتووترین هێزی سەربازیی جیهاندا سەلماندووە."
دواتر وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە رێککەوتنی ئەمڕۆی مەککە کرد و گوتی، "کاتێک موسڵمانان لە تەنیشت یەکدی یەکگرتوو دەبن، دەتوانن بەهێز و راشکاوانە لە بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەک بووەستنەوە کە لەلایەن بێگانە نەیارەکانەوە دروستدەکرێت."
عەباس عێراقچی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "کاتی ئەوە هاتووە تەنیا پشت بە خۆمان ببەستین و رێبازی برایەتیی راستەقینە بگرینەبەر."
ئەم پەیامەی عەباس عێراقچی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی سعوودیە، پاکستان و تورکیا لە شاری مەککە، رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆکرد.
بەپێی رێککەوتننامەکە، هەر هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان سەیردەکرێت.


