رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هێزە بیانییەکان ''هۆکاری سەرەکی''ـی نائارامین و پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتانی ناوچەکە خۆیان توانای دابینکردنی ئاسایشیان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 08-08-2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، پەیامێکی لە ئێکس بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ''گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، بە خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکان و خەڵک، هەروەها بوێریی بەرەی موقاوەمە هاتووەتە ئاراوە.''
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگ لەگەڵ وڵاتەکەی بە ''شکستخواردوو'' ناوبرد و گوتی: ''بە شکستهێنانیان، ئەو بڕوایە بەهێز بووە کە هێزە بیانییەکان، هۆکاری سەرەکیی نائارامین.''
لە بەشێکی پەیامەکەیدا راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژەی بەوەش کردووە: ''دەبێ هێزە بیانییەکان ناوچەکە جێبهێڵن. وڵاتان خۆیان دەتوانن بە هاوکاریی یەکدی، ئاسایشی خۆیان دابین بکەن.''
پەیامەکەی ویلایەتی لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەنێو خاکی وڵاتانی ناوچەکەدان کە بە چەندین قۆناخ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، لە وەڵامی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەیان، بە درۆن و مووشەک کراونەتە ئامانج.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکى ناجێگیردایە بەهۆى جەنگى ئێران و ئەمریکاوە کە لەنێوان رێککەوتن و دەستپێکردنەوەى جەنگێکی گشتگیردایە.


