رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز چەند مەرجێکی ئاراستەی ئەمریکا کردووە و دەڵێت: "دەبێت جەنگ لە هەموو بەرەکانەوە کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەمریکا لە نزیک ئێران بکشێتەوە و زیانەکانی جەنگمان بە تەواوی بۆ قەرەبوو بکاتەوە.
محەممەدباقر زولقەدر، سکرتێری باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: ''تاوەکو ئەمریکا چاکسازی لە هەڵسوکەوتیدا نەکات، رێڕەوە ئاوییەکە ناکرێتەوە.''
لە بەشێکی پەیامەکەدا، ژمارەیەک مەرج خراونەتەڕوو کە محەممەدباقر زولقەدر جێبەجێکردنیان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بە پێویست دەزانێت.
لە یەکەم مەرجی ئێراندا هاتووە، ''ئەمریکا هیچ کات و بە هیچ زمانێک هەڕەشە لە ئێران نەکات و بێڕێزی بە پیرۆزییەکانمان نەکرێت.''
یەکێک لە مەرجەکانی زولقەدر، ''کۆتاییهێنانی تەواوەتی''ـی جەنگە لە هەموو بەرەکانی لوبنان، فەلەستین، یەمەن و عێراق. دەشڵێت: ''دەبێ ئەمریکا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت و هێزە سەربازییەکانی لە نزیک ئێران بکشێنێتەوە.''
گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، لابردنی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە و قەرەبووی ئەو زیانانەی کە بەهۆی جەنگەوە بەر وڵاتەکەی کەوتووە، لە مەرجەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
بەگوتەی محەممەدباقر زولقەدر، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ''هیچ کات'' لە جەنگ و دانوستاندندا سازش لەسەر مەرجەکانی ناکات.
بەر لە جەنگی 40 رۆژەش ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی دەکرد، بەڵام لەکاتی جەنگەکەدا مینڕێژی کرد و دایخست.
ئەمریکاش لە رێگەی گەمارۆی دەریایی و هێرشی ئاسمانییەوە، گوشاری خستە سەر ئێران، بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
ئێستا ئێران و عومان وەک دوو وڵاتی کەناراوی سەرقاڵی دانوستاندنن، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان دیاری بکەن.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تاران دەڵێن نزیکن لە رێککەوتن، تاوەکو ئێستا بە فەرمی نێوەرۆکی لێکتێگەیشتن یان رێککەوتنی ئەگەرییەکەیانن بڵاو نەکراوەتەوە.
.webp&w=3840&q=75)

