رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری تاران رایگەیاند، دروستکردنی بنکەی سەربازی لەنێو ماستەرپلانی شاردا کارێکی "بێمانایە" و پلانێک هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو بنکانە بۆ دەرەوەی شار و گۆڕینی شوێنەکانیان بۆ رووبەری سەوزایی.
مەهدی چەمران، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری تاران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەکەدا رایگەیاند: "دروستکردنی بنکەی سەربازی لە ماستەرپلانی شاردا کارێکی بێمانایە و دەبێت رێوشوێنی سەلامەتی بۆ دروستکردنیان لەبەرچاو بگیرێت."
سەبارەت بە پرۆسەی بردنە دەرەوەی بنکە سەربازییەکان لەنێو شاردا، چەمران گوتی: "بەشێکی زۆری پلانی گواستنەوەی بنکە سەربازییەکان لە ماستەرپلانی شاردا ئامادەکراوە. بڕیار دراوە شوێنەکەیان بکرێتە سەوزایی."
چەمران باسی لەوەش کرد کە ئەو بنکە سەربازییانە دەتوانن قەرەباڵخیی نێو شار کەم بکەنەوە و گوتیشی: "پێشنیازکراوە هیچ بیناسازییەک لەو بنکە سەربازییانەدا نەکرێت و تەنیا پەرە بە رووبەری سەوزایی بدرێت، بەڵام پێویستە ئەم بابەتە لە لایەنەکانی سەرەوەش پەسند بکرێت."
بەشێک لە بنکە سەربازییەکان لەنێو شاری تاراندان و لە کاتی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو بنکانە، بەشێکی زۆر لە خەڵکی سڤیل زیانی گیانی و ئابوورییان پێگەیشتبوو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی بی بی سی، وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخەن، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، لە 28ـی شوباتی 2026، زیاتر لە 50 بنکەی سەربازیی ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکادا زیانیان بەرکەوتووە.


