رووداو دیجیتاڵ وەزیری ئابووریی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای نوێ رایگەیاند، سەردەمی تاکجەمسەری کۆتایی هاتووە و واشنتن ناتوانێت شادەمارە دارایی و بازرگانییەکانی ئێران بپچڕێنێت. راشیگەیاند، حکومەت لەمێژە بەرنامە و ئامادەکاریی تەواوی بۆ ئەم دۆخە کردووە. عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران رۆژی دووشەممە، 24-08-2026 لە لێدوانێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە "بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام هەوڵیان داوە ئیرادەی گەل و بەرپرسانی ئێران تاقیبکەنەوە، بەڵام هەموو جارێک تووشی شکست بوون و ئێستاش بەدوای دووبارەکردنەوەی شکستێکی دیکەدان". مەدەنی زادە هەروەها گوتی: "ئێمە لەمێژە چاوەڕوانی ئەم رۆژانە بووین و دەمانزانی چ پلانێکیان هەیە؛ حکومەت پلانێکی دووساڵەی داڕشتووە و بە تەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ئامادە بووە." وەزیری ئابووریی ئێران باسی لەوەش کرد کە "هەوڵ هەبوو لە رێگەی کردەی سەربازییەوە قەبارەی وڵات و سیستەمی سیاسی تێکبدەن، بەڵام بە هاوئاهەنگی خەڵک، هێزە سەربازییەکان، بەرپرسان و کەرتی دیپلۆماسی، ئەو هەوڵانە پووچەڵکرانەوە". وەزیری ئابووریی ئێران نەیشاردەوە کە جەنگ زیانی بە کەرتی پۆڵا و پێترۆکیمیایی گەیاندووە، گوتیشی: "گوشارەکانی دوژمن بۆ زیانگەیاندن بە گاز و نەوت و دروستکردنی گەمارۆ، کاریگەریی کورتخایەنی لەسەر هەڵاوسان هەبووە، بەڵام بە سیاسەتی دراوی و دارایی، بە پلە کۆنترۆڵ دەکرێت." ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی هێرشێکی ئابووریی بێپێشینەی بۆ سەر هەموو پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا راگەیاند. بێسێنت رایگەیاند، ئامانجی واشنتن بڕینی هەموو ئەو شادەمارە ئابوورییانەیە کە تاران و سوپای پاسداران دەپارێزن، تاوەکو ئەو کاتەی ئێران بە تەواوی لە جیهان دادەبڕێت. لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمڕۆدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێنج سێکتەری یەکجار گرنگی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە تاران لە وڵاتانی دیکەدا سوودیان لێ دەبینێت، ئەوانیش: سەرمایە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی. بە گوتەی بێسێنت، ئەمە هەڵمەتێکی بەردەوامە بۆ لەناوبردنی هەموو دوا بژاردەکانی بەردەم تاران. وەزیری ئابووریی ئێران، لە بایەخی سزا نوێیەکانی ئەمریکای کەمکردەوە و بە "دووبارە و سواو" وەسفی کرد گوتی: "شادەماری دارایی و ئابووریی جیهان ئەوەندە سادە نییە کە بتوانن شادەماری ئابووری و بازرگانیی ئێران بپچڕێنن. جیهانی یەکجەمسەری بەسەرچووە و ئەگەر بیانەوێت جارێکی دیکەش ئەزموونی بکەنەوە، بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابن."