رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامیی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، تاوەکو ئێستا رێکاری تووندیان بەرامبەر دەیان کەشتیی بازرگانی گرتووەتەبەر، کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم کە رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش 77 لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیرکراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆی ئەمریکا دژی ئێران بەڕێوە دەبات.
هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو کەشتییە بە شەو و بە رۆژ لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان.
ئامارە نوێیەکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، تاوەکو رۆژی 24ی ئابی 2026، هێزەکانیان رێڕەوی 71 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە؛ هەروەها سێ کەشتییان بە تەواوی پەکخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێکارەکانی گەمارۆکە.
هەروەها سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی جێبەجێکردنی گەمارۆکەدا، رێگەیان بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 کەشتی داوە، کە هاوکاریی مرۆییان گواستووەتەوە.
ئەم رێکارە تووندانەی واشنتن لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لووتکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت.
لە 13ی تەممووزەوە ئەمریکا گەمارۆی تووندی دەریایی خستووەتە سەر ئێران، ئەوەش دوای شکستی هەوڵەکانی رێککەوتن لەنێوان هەردوولادا.


