رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران دەڵێت، توانای بەردەوامیدان بە جەنگێکی درێژخایەنیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئاماژە بەوەش دەکات، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ویستوویانە بە هاوکاریی ئەمریکا هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی، بەڵام "پێشوەختە" پلانەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، عەلیڕەزا شێخ، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) سەبارەت بە گرژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند: "هەنگاونانی ژیرانەی ئێران لە جەنگدا، کۆشکی سپی ناچارکرد بەردەوام پێداچوونەوە بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆیدا بکات."
بەگوتەی عەلیڕەزا شێخ، کۆگەکانیان پڕن لە درۆن و مووشەکی بالیستی و توانای بەردەوامیدان بە "جەنگێکی درێژخایەن"ـیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە.
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەییدان و "توانای وەڵامدانەوەی گونجاومان هەیە و تەنانەت دەتوانین پێشوەختەش بجووڵێین."
لە بەشێکی قسەکانیدا جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران باس لە ئەگەری گەڕانەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە بەگوتەی خۆی، بە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی لەو شێوەیان هەبووە، "بەڵام ئێمە بەر لە دەستپێکی هەر هێرشێکی زەوینی، پێشوەختە جووڵەمان کرد."
وەک عەلیڕەزا شێخ دەڵێت، لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن، بۆ ئەوەی رێگری لە هاتنەوەیان بۆ نێو خاکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هەر هێرشێکی زەوینییان بکرێتە سەر، لە دەستپێکدا پووچەڵ دەکرێتەوە.
قسەکانی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لەکاتێکدایە، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامن لە هاوپەیمانیی کوردستانی، چەندین جار رایانگەیاندووە کە هەوڵی تێکدانی سەرەوەریی خاکی هەرێمی کوردستانیان نەداوە و نەچوونەتەوە نێو رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەروەها رەتیدەکەنەوە کە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە پەیوەندیدا بن و هیچ چەکێکیان بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران وەرگرتبێت.
ئێران بە پاساوی لێدان لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان بەردەوامە لە هێرشی درۆنیی سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە زیاتر لە 965 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.



.jpg&w=3840&q=75)