رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک بە تووندی وەڵام دەدەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 14ی ئابی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "هەر جۆرە ناسەقامگیرییەکی ناوچەیی کە بەهۆی پشتبەستن بە هەژموون و دەستێوەردانی دەرەکییەوە بێت، لەلایەن ئێرانەوە بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە."
عەزیزی لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکەی کردووە، دەڵێت: "تاوەکو ئەو کاتەی لە هەمبەر دووژمنانی ئیسلامدا تەسلیم ببن، سەروەریی خاکەکەتان لەژێر مەترسیدا دەبێت و پێگەی نیشتمانیتان لاواز دەبێت."
ئەم پەیامەی ئیبراهیم عەزیزی، کە یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، لە کاتێکدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیاری گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا تێدەپەڕێت. تاران بەردەوام هۆشداری دەداتە وڵاتانی هاوسێی لە دەرەنجامەکانی رێگەدان بە هێزە بیانییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ زیادکردنی پێگەی سەربازییان لە ناوچەکەدا، کە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەبینێت.
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێرانەوە، تاران لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانەوە هۆشداری داوەتە وڵاتانی ناوچەکە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدەن خاک، ئاسمان یان بنکە سەربازییەکانیان لە لایەن ئەمریکاوە بۆ هەر جۆرە هێرشێک لە دژی ئەوان بەکاربهێنرێت.
بەرپرسانی باڵای ئێران، بەتایبەت فەرماندەکانی سوپای پاسداران، پێشتر رایانگەیاندووە هەر وڵاتێک هاوکاریی واشنتن بکات لە هێرشکردنە سەر ئێران، وەک لایەنێکی شەڕەکە سەیر دەکرێت و دەبێتە ئامانجی راستەوخۆی مووشەک و درۆنەکانیان.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

